بڕیارنامەی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەئێران، بۆ دەیەمین ساڵ پەسند كرایەوە

15:44 - 29 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی كوردپا: كۆمیتەی سێیەمی سەر بە كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ٦٨ـەمین دانیشتنی خوێدا، بڕیارنامەی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤی لەئێران پەسند كردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر ١٧٨ وڵات لە پڕۆسەی دەنگدان بە بڕیارنامەی پێشنیاری كانادا لەپێوەندیی مەحكووم كردنی ئێران سەبارەت بە پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ، بەشدارییان كرد.

لەدانیشتنی کۆمیتەی سێیەمدا كە لە نیۆیۆرك بەڕێوە چوو، ٨٣ وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەكە دا و لەو رێژەیە تەنیا ٣٦ وڵات دەنگی \"نا\"یان دابوو.

لە بڕیارنامەی پێشنیاری كانادا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەرێژەی رەوتی لەسێدارەدان لەئێران و هەروەها هەڵاواردنە ئیتنیكی و مەزهەبییەكان، پێشێڵكارییەكانیش مەحكووم كراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی سێ‌مانگ دەسەڵاتداریەتیی حەسەن رۆحانیدا ( ١٢ی گەلاوێژ هەتا ١٢ی خەزەڵوەر) ٢٢٥ هاووڵاتیی لەئێران لەسێدارە دراون.

لەلایەكی دیكەوە لەدانیشتنی كۆمیتەی سێیەمدا ٦٢ وڵاتیش دەنگی \"بێ‌لایەن\"یان بە بڕیارنامەی پێشنیاری كانادا داوە و لەئەنجامدا بڕیارنامەكە بە كۆی دەنگی ٨٣ وڵات بۆ دەیەمین ساڵ پەسند كرایەوە.

دەنگدەران داویان لەحكوومەتی ئیسلامیی ئێران كردووە كە بە رێككەوتنە نێودەوڵەتیەیكان پابەند بێت و رێز لەمافی مرۆڤ بگرێت.

لەو بڕیارنامەیەدا، رێگری کردنی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەردانی ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆكاروباری مافی مرۆڤی لە ئێران، مەحكووم كراوە.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران پەرچەكرداری بەو بڕیارنامەیە نیشان داوە و نوێنەری هەمیشەیی ئەو حكوومەتە لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، رەخنەی لە سیاسەتی كانادا گرتووە و ئەو بڕیارنامەیەی بە \" مەبەستی سیاسیی و نادادپەروەرانە\" وەسف كردووە.

\"16904.jpg\"
پێشتریش ٢٥ ناوەند و رێكخراوی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لەئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كە نوسخەیەكشی بۆ ئاژانسی كوردپا نێردرابوو، خوازیاری پەسند كردنی بڕیارنامەی لەمەڕ دۆخی مافی مرۆڤ و پاراستنی كەرامەتی ئینسانەكان لەئێران ببوون.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، بەرپرسی گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچێستان، بەرپرسی بەڕێوەبەریی رێكخراوی ئورووپایی \"ئەحوازی\" مافی مرۆڤ، بەرپرسی دامەزراوەی دادپەروەری بۆ ئێران، بەرپرسی بەڕێوەبەریی ناوەندی بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤی ئێران، كۆمیتەی بەرگریی لەرۆژنامەنووسان و بەشێک لەو ناوەندانە بوون كە نامەیەكەیان واژۆ كردبوو.

لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە بەیاننامەیەكدا پەرژابوویە سەر سەد رۆژ دەسەڵاتداریەتی رۆحانی و رایگەیاندبوو: \" هەوڵەكانی دەوڵەت لەپێوەندیی ئازادی رادەربڕیندا هیوا بەخش نین\".

پەسند كردنی بڕیارنامەی پێشنیار کراوی كانادا دوای ئەوی كە لە كۆمیتەی سێیەم دەنگی بۆ وەرگیراوە، سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بەمەبەستی پەسند كردن، دەخرێتە بەر دەنگدانەوە.