بونیادی داکۆکی لە مافی نەتەوە ژێردەستەکان خوازیاری ئازادی کەبوودوەند بوو

20:41 - 29 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ناوەندێکی مافی مرۆڤی وڵاتی ئاڵمان، خوازیاری ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤی کورد، لە زیندان بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بونیادی داکۆکی لە مافی نەتەوە ژێردەستەکان لە وڵاتی ئاڵمان، خوازیاری ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە زیندان بووە.

تیلمان زولیش، بەرپرسی ئەو بونیادە لە وتووێژێک‏دا لەگەڵ دۆیچەوێلە ڕایگەیاندووە کە \"لە کاتی سەفەری وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بۆ ئێران داوای لێ‏کردووە کە داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بکات، محەممەد سدیق کەبوودوەند لە زیندان ئازاد بکەن.

بونیادی داکۆکی لە نەتەوە ژێردەستەکان لەگەڵ دوو ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ، ڕەخنەیان لە سەفەری شتان مایێر وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بۆ ئێران گرتبوو و وێڕای ڕاگەیاندنی پەرۆشیی خۆیان بە نیسبەت ئەگەری بوونە قوربانیی مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران لە ڕەوتی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان، داوایان لە لایەنە ئورووپاییەکان کردووە کە باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی و بابەتی لەسێدارەدانی بەربڵاوی هاووڵاتیان لە ئێراندا لەبیر نەکەن.

ماوەیەک بەر لە ئێستا، سەردۆزگەری گشتیی تاران لەگەڵ داواکاریی بەرپرسی زیندانی ئێڤین بەنیسبەت گۆڕینی ماوەی زیندانی کەبوودوەند و ئازادکردنی مەرجداری ناوبراو، دژایەتی کردبوو.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

کەبوودوەند لە ماوەی دەستبەسەری‏دا لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.

بونیادی داکۆکی لە مافی نەتەوە بندەستەکان کە داوای ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند و دوو زیندانیی دیکەی کردبوو، ڕێکخراوێکی چالاکی تایبەت بە مافی مرۆڤە لە ئورووپا کە لە وڵاتانی ئاڵمان، ئۆتریش و سوویس چالاکییەکی بەربڵاوی هەیە و تەنیا لە وڵاتی ئاڵمان، ١٢٠ هەزار ئەندامی هەیە و ناوەندەکەشی هەر لەو وڵاتەیە.