٦٠٠٠ بن دار لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا بڕدراون

19:52 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیونەدیدارەکان، داگیرکردن و لەنێو بردنی سەرچاوە سروشتی و لێرەوارەکانی کوردستانی زیاتر کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەندین ساڵە کە لەنێوبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی بەربڵاو رووی لە زیادبوون کردووەو لایەنە پەیونەدیدارەکان، هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ رێگرتن لەو مەترسییە نەگرتۆتەوە بەر.

دەگوترێ، لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا پەورەندەی پەیوەندیدار بە تێکدان و داگیرکردنی سەرچاوە سروشتییەکان، لەسەدا ٣٦ زیادی کردووە.

کارناسان لەو باوەڕەدان، کە زیادبوونی ئەو ئامارە، ئاماژە بە ناسەرکەوتوویی ناوەندە ژینگەپارێزییەکان لە بواری پاراستنی ژینگەدا دەکات.

فەرماندەی یەکەی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەو بارەیەوە بلاوی کردەوە؛ لەماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیک بە هەزار و ٥٦٧ عالەتی تێکدانی ژینگە و داگیرکردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا تۆمار کراوە، کە بە بەراورد لەگەل سالی رابردوو لەسەدا ٨ زیادی کردووە.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ١٦٣ پەروەندەی دار بڕین لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دروست بووە، کە سەرپێچیکاران ٤ هەزار و ٥١٩ بن دار و ١٨٦١ بن نەمامیان بڕیوە.

ئیبراهیم‌پوور لەو باریەوە بە \"ئورووم نیوز\"ی راگەیاندووە؛ ژمارەی ئەو پەروەنددانەی کە بۆ سەرپێچیکاران ساز کراون، لە پەیونەدی لەگەڵ دار بڕینداو بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشیوەی ساڵی رابردوو، لە سەدا ٦٣ زیادی کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، چەند رۆژ پێش ئێستا، ژمارەیەک کەسی نەناسراو داری (گۆیژ، هەرمێ کێویلە، بادامی کیوی، گوێزی کێوی، دار بی)ی دەوروبەری بۆکانیان بڕیوە.

هەروەها مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، کەسانی هەلپەرست، ٧ تۆن داریان لە ناوچە سنووری و شاخاوییەکانی بەخشی سیلوانا بڕیبوویەوە.

داری قاچاخ لە ناوچەکانی \"ئاوک\"ی شارستانی ورمێ، لەلایەن پێرسونێلی ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانەوە دۆزرابوویەوە.

کەمیی داهات، نەبوونی هەلی کار، جێبەجی نەکرانی دروستی یاسا و سەرپێچی کردنی جەنگەڵبانان بە هۆکارە سەرەکییەکانی قاچاخی دار ئەژمار دەکرێت.

روبەری دار و لێڕەواری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کە نزیک بە ١٠٠ هەزار هێکتار خەمڵێندراوە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی وەکوو داگیرکردن، بوورە دەرهێنان، ئاگرکەوتنەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، سالی رابردوو نزیک بە ١٥ هەزرا هێکتار لێڕەوار لەلایەن کەسانێکەوە داگیر کراوەو نزیک بە ٤٠٠ هێکتار لە سەرچاوە سروشتییەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بۆ پرۆژەی بیناسازی و نیشتەجێ بوون تەرخان کراون.

پێشتریش، بەرپرسی ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاندبوو؛ ٦٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ئوستانە بەهۆی گۆڕانکاریی ئاو و هەوا، کەمیی باران بارین و نەبوونی بودجە و ئیمکانات، بەرەوڕووی لەناوچوون بوونەتەوە.