بنەماڵەی "کەیۆمەرەس لەتیفی" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران

10:47 - 4 رەشەمه 2721

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، بنەماڵەی "کەیۆمەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردووە کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەریی کەیۆمەرس خۆ ببوێرن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیۆمەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

ئارەزوو لەتیفی پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، "کەیۆمەرس لەتیفی" تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیۆمەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی لە سنە بووە.

لەتیفی خەرمانانی ٩٨یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.