بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی لەلایەن ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت کران

15:24 - 3 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی لەو شارەیان بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی مەدەنی بە ناوەکانی، \"ئیسماعیل سەفی خانی، پەیمان سوڵتانیان، موختار ناسری و فواد زەندی\"ی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند: ئیسماعیل سەفی خانی، پەیمان سوڵتانیان، موختار ناسری و فواد زەندی، ڕۆژی ١٠ی گەڵاوێژی ساڵی ٩٤ی هەتاوی بە هۆی بەڕێوەبردنی کەمپینێک بۆ یارمەتیدان بە لێقەوماوان و ئاوارەکانی شەنگال، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا ڕاگیران و دواتر بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: چەند مانگ پاش دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییانە، ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری٩٤ی هەتاوی، جارێکی دیکە هێزە ئەمنیەتییەکان بە هۆی بەڕێوە بردنی کەمپینی پشتیوانی لە شاری کۆبانێ ئەو چوار چلاکەی دەستبەسەر کردەوە.

دەوترێ، هێزە ئەمنیەتییەکان تۆمەتی\"هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\"ی وەپاڵ ئەو چوار چالاکە مەدەنییە دابوو.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای گوت؛ بنەماڵەی بانگهێشت کراوەکان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشت کرانیان نەدرکاندووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە شاری سنە گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەتا ئێستا چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی لە ژێر گوشارەکانی ئەو ناوەندەدا بە ناچاری زێدی خۆیان بە جێهێشتووە، یان لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە زیندانی درێژە ماوە مەحکووم کراون.