بنەماڵەی فەهیم کەریمی بۆ عاسیمە جەهانگیری: ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکان سەبارەت بە دۆسیەی مردنی گوماناوای ئەو زیندانیە کوردە داوی لێپرسینەوە دەکەن

20:24 - 30 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی فەهیم کەریمی، زیندانی سیاسیی کورد لە نامەیەکدا بۆ ڕێپورتێری تایبەت لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، سەبارەت بە مافی مرۆڤ داوای پێداچوونەوەی دۆسیەی مردنی گوماناوی ناوبراو لە زیندانی ورمێ دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە دوای مردنی گوماناوی فەهیم کەریمی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، بنەماڵەی ناوبراو لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ عاسێمە جەهانگیری، ڕێپورتێری تایبەت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، داوای بەدواچوونی مردنی گوماناوی ئەو زیندانیە سیاسییە دەکەن.

دەقی نامەی سەرئاوەڵاکە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیه:

نامەی سەرئاوەڵا بۆ عاسێمە جەهانگیری ڕێپورتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران


بە حورمەتەوە بە ئاگاداریتان ڕادەگەیەنین کە جەنازەی فەهیم کەریمی زیندانیی سیاسیی کورد کە لە دەیەکانی ڕابردوو پێشینەی ١١ ساڵ زیندانی هەبووە، ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ورمێ بە ئێمە بنەماڵەی کەریمی بۆ بە خاکسپاردنی رادەست کراوەتەوە.

ڕێکخراوەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ پێدانەوە و بە خاکسپاردنی جەنازەی فەهیم پەیوەندیان پێوە گرتووین، ئەوە لە حاڵێکدا بووە هەتا ئەو کات لە دانی هەرجۆرە زانیارییەک سەبارەت بە دەستبەسەر و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو خۆیان دەبوارد.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە شێوەی زارەکی ڕایانگەیاندووە، پزشکی یاسایی هۆکاری مردنی ناوبراوی جەڵتەی دڵ ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوە کە کاتێکدا بووە کە کەریم هیچ جۆرە نەخۆشینێکی نەبووە.

خاتووی جەهانگیری؛ ئێمە لە تۆ داواکارین سەر لە نوێ لێپرسینەوە لە ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەریی ئێران سەبارەت بەو دۆسیەیە بکەن، کە چلۆن جەنازەی کەسێک بە خۆبواردن لە دەستبەسەر و زیندانی کردنی ناوبراو و هەروەها لەژێر سەخترین ئەشکنجەی ڕوحی و جەستەیی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

خاتوو جەهانگیری، ئێمە وەک بنەماڵەی کەریمی داوا لە تۆ و تەواوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەین لە بە ئەنجام گەیاندنی هۆکاری مردنی ئەو زیندانیە کە بەبی هێچ چەشنە تاوانێک دەستبەسەر و زیندانی کراوە و تەنیا تاوانی ناوبراو\" کورد بوون و سوننی مەزهەب\"بووە، یارمەتیمان بدەن.

ئەندامانی بنەماڵەی فەهیم کەریمیی ڕیک ئابادی