بنەماڵەی سارۆ قارەمانی لەژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان لە سکاڵای گیان لەدەست دانی کوڕەکەیان پەشیمان بوونەتەوە

14:16 - 30 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بنەماڵەی سارۆ قارەمانی، یەکێک لە گیان لەدەستداوانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە، کە لە بەدواداچوون و سکاڵا سەبارەت بە کوژرانی کوڕەکەیان خۆ ببوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سارۆ قارەمانی کردووە، سەبارەت بە سکاڵای کوژرانی کوڕەکەیان خۆ ببوێرن و بنەماڵەی سارۆ قارەمانی لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی شاری سنە، بە ناچاری دەستیان لە داواکارییەکەیان هەڵگرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی سەرەخۆشیی سارۆ قارەمانی لەگەڵ باوکی ناوبراو پێوەندییان گرتووە و هەڕەشەیان لێ کردووە، کە تەنیا ئەمڕۆ دەتوانن ڕێوڕەسم بەڕێوە ببەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بنەماڵەی سارۆ قارەمانیان لەژێر چاوەدێری خستووە و هاوتووچۆی ئەو بنەماڵەیە کونتڕۆڵ دەکەن.

موختار زارعی، چالاکی مەدەنیی شاری سنە، لە نووسراوێکدا داوا لە دۆزگەری شاری سنە دەکات، کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی کوژرانی سارۆ قارەمانی بکات و دەڵێت: بکوژەکان هەر کەس و بە هەر هۆکارێک بێت، نابێت پاراستنی قەزایی لە پشت بێت و کشانەوەی باوکی کوژراوەکە نابێت بەربەست بێت لە ڕێگەی سزادانی تاوانبارانەوە\".

ئەو چالاکە مەدەنییە، دەڵێت: \"دۆزگەری شاری سنە، لە ئەگەری بەدوادا نەچوونی دۆسیەی کوژرانی ئەو لاوە کوردە، بە هاوکاری ئیدارەی ئیتلاعات بە ئەژمار دێت\".

سارۆ قارەمانی تەمەن ٢٤ ساڵ، پاش دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ئازار و ئەشکەنجە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، گیانی لە دەست داوە.

ئەو لاوە کوردە، لە کاتی بەشداریی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، دەسبەسەر کراوە، کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە سەر جەستەی ناوبراو شوێنی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە دیار بووە.

سێ ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی کوژرانی سارۆ قارەمانی، ماڵپەڕ و کاناڵە تێلگرامییە ئەمنیەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی سپای پاسداران لە کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک لە هەوڵی پەردەپۆش کردنی کوژرانی ئەو لاوە کوردە بوون.