بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد لە شاری سەردەشت

20:57 - 16 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کردبوو، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە ناوی \"محەممەد شەریف جەلالی\" لە ئەنجامی ڕاودوونان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەت بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی ڕابردوو دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی حکوومەتی و لە کاتی ڕاودوونانیدا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە لای سەر و ملیەوە بە سەختی بریندار دەبێت.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە مانگی ژانوویە هەتا مانگی ئۆکتوبر ١٧٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە، هەرەسی ڕنوو، سەرمابردووی، جەڵتەی دڵ و ڕووداوی هاتووچۆ کوژراو و بریندار بوون.