بریندار بوونی کۆڵبەرێکی لاو لە نەوسوود بە تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەت

20:58 - 26 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان، لاوێکی ١٩ ساڵە خەڵکی شاری نەوسوود بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، کۆڵبەریکی لاوی خەڵکی شاری نەوسوود، بە هۆی تەقەی ‌هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری ئەو شارە بە توندی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو کۆڵبەرە لاوە تەمەن ١٩ ساڵەی بە \"ئەشکان فەتاحی\" کوڕی وەهبی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی حکوومەت لە شوێنێک بە ناوی\"دەرە هەرات\" تەقە لەو کۆڵبەر لاوە دەکەن و لاقی بەتوندی بریندار دەبێت، هەنووکە ئەشکان بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان کراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، یەکێکی دیکە لە کۆڵبەرانی کورد لە شارەدێی دزڵی سەر بە شاری مەریوان کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە پیشەی کۆڵبەری کردبوو، بە هۆی قورسیی بارەکەیەوە بەربۆتەوە و پاش بیست ڕۆژ مانەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە \"ساڵح ڕەحمانی\" خەڵکی شارەدێی دزڵیی مەریوان ڕاگەیەنراوە.

هەروەها، ڕۆژی شەممە ٢٤ ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی شێخان لە ناوچەی سۆمای برادۆست بە ناوی حەسەن ئەمینی ڕەواندی، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.