بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکە لە خاڵی سنووری کرماشان

14:39 - 21 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"مەسعوود وەیسی\" تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"شێخ ساڵح\" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، بە سەختی بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە گوللە بەر لاقی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچەی \"کانی زەردی\" شاری سەردەشت هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی ئەو ناوچەیە و دەستیان بە سەر کەلوپەلەکانین گرتووە و هەڕەشە دەسبەسەر کردنیشی لێیان کردووە.

هەرروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری کورد، خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوەکانی \"عەبدوللەتیف شەعبانی\" و \"شوان مەحموودی\" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی دەشتەبێڵ بە سەختی بریندار کران.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری تەورێز گوازرانەوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشكی دان.