بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی

14:49 - 5 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە پێنج کۆڵبەری کورد کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کردبوو، یەکێکیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لاقی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئێوارەی ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لاقێکی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە یارمەتیی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سەردەشت کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە ڕانەگەیەنراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان، سێ کۆڵبەر لە گوندی \"بێوران\"ی شاری سەردەشت بریندار بوون.

لە نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو ١ی خاکەلێوە هەتا ئێستا، ئەمە نۆهەمین کۆڵبەری کوردە کە بە هۆی هەرەسی ڕنوو، تەقەی هێزە حکوومەتییەکان و بەربوونەوە لە بەرزایی، کوژراو و بریندار دەبن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی‌دا، ١٥٤ کۆڵبەر لە کوردستان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان، بەربوونەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی مین و جەڵتەی دڵ، کوژراو و بریندار بوون.