بریندار بوونی هاووڵاتییەکی کاسبکار بە تەقەی هەنگی سنووری

14:57 - 22 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هەنگی سنووری لە ناوچەی نەوسوود لە کۆڵبەرانی کورد، هاووڵاتییەک بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٠ ی جۆزەردان، چەکدارە حکوومەتییەکانی سەر سنوور لە ناوچەی سنووری شاری نەوسوود، تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کورد کرد و لە ئاکامدا کاسبکارێک بریندار بوو.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی\"عەلی محەممەدی\" خەڵکی گوندی\"شەریکانی\" سەر بە شاری نەوسوود ڕاگەیەندراوە.

ئەو ڕووداوە، لە ناوچەی سنووری قەڵاگا لە کاتێکدا کاسبکاران بەرەو سنوور دەچوون ڕووی داوە.

تەقەی هەنگی سنووری لە کاسبکاران لە کاتێکدا بووە کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاغیان پێ نەبووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا، ٦ سەر ئەسپی کاسبکاران و کۆڵبەرانیش بە کوشت چوون.

کاسبیی سەرسنوورەکان و پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی ژیانی بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانە کە بەهۆی نەبوونی دەرەتانی کار و دژوارییەکانی ژیان روویان لە سنوورەکان کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ... کوژراو یان بریندار بوونە.