برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری سەردەشت

22:23 - 2 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ لەمەو پێش، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەلی مام‌وەیسی\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی ناوچەی \"کۆڵەسە\" و دانیشتووی شاری سەردەشت بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ کاروانێک لە کۆڵبەران لە سنووری سەردەشت کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە لای لاق و ڕان بە تووندی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە سێ ساڵ پێش ئێستا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ڕووی کردبووە کاری کۆڵبەری لە سنوورەکانی سەردەشت و بە هۆی قورس بوونی برینی بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوه.

ئەو کاروانەی کۆڵبەران بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بێ ئەوەی کەلوپەلی قاچاخیان پێ بێت کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.