برینداربوونی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری خۆی

20:45 - 17 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی بەخشی قوتوور سەر بە شاری خۆی بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەنسوور پەرویزی\" خەڵکی بەخشی قوتوور؛ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی جێگر لە پایەگای \"دەرخان\" لە گوندی \"قیلەلیق\"، ئەم هاووڵاتییە کوردیان بە بێ ئاگادار کردەنەوەی پێشووی داوەتە بەردەسڕیژی گوللە و لە ئاکامدا بووە بە هۆی برینداربوونی ناوبراو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدا لە حاڵی گواستنەوەی ئەفغانییەکان لە سنووری شاری خۆی بووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی\".

ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری خۆی گوازتراوەتەوە و هەنووکە لەژێر چاودێری پزیشكی دایە.