برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ورمێ و سەردەشت

13:03 - 16 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنوورەکانی ورمێ و سەردەشت بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"نحۆ عیبادی\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی ئیسماعیل لەگەڵ کاروانێک لە کۆڵبەران کەوتووەتە بەر دەسترێژی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پاسگای سنووری \"بردۆک\" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ و بە تۆندی بریندار بووه.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی سەختی برینەکانی بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ ڕاگوێزراوە و دۆخی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، کاروانێک لە کۆڵبەران لە سنووری شاری سەردەشت لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کراونەتە ئامانج و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەحمەد عەزیزی\" تەمەن ٢٩ ساڵە کوڕی نورەدین بریندار کراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەم دوو ڕووداوەدا، بێ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو کۆڵبەرانیان کردووە ئامانج.