برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە

13:47 - 10 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بانە بە سەختی بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی\"کاوە ڕەشیدی\" خەڵکی گوندی\"سەرتەزێن\" و \"فەرەیدوون\" کوڕی ڕەحمان لە سنووری شاری بانە، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامدا، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە سەختی بریندار بوون.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی\"پێنجوێن\" لە هەرێمی کوردستانی عێراق کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە هەنووکە لەژێر چاوەدێری پزیشکی دان و باری تەندروستیان بەرەوباشی دەڕوات.

کۆڵبەر بە چین و توێژە زەحمەتکێشەکانیی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەژێر ناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.