برینداربوونی دووهەمین کۆڵبەری کورد لە سەلاسی باوەجانی لە مانگی سەرماوەزدا

14:16 - 28 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە گوندێکی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، هێزە ئینتزامییەکان تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری سەلاسی باوەجانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە کوردە بەسەختی بریندار بوو.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"ئەکرەم ڕەمەزانی\" تەمەن ٣٧ ساله کوڕی ڕەحمان ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی ئەزگڵەی شاری سەلاسی باوەجانی بووە.

\"ئەکرەم
ئەکرەم ڕەمەزانی
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەکرەم ڕەمەزانی چەند گاڵۆنێک گازوئیلی پێ بووە و لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانی سنووری ئەو ناوچەیە تەقەی لێکراوە.

هەنووکە ناوبراو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

پێشتریش، لە ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی سەرماوەزدا، هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە نزیک گوندی ئەزگڵەی سەلاسی باوەجانی، تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەیووب سەروەری\" خەڵکی گوندی\"هەرمێیان\" کردبوو.

هەتا ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حەقیقی و حقووقی لە پەیوەندیی لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورکانی کوردستان، بە شێوەی یاسایی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و دۆسیەی قەزایی ئەو کەسانەش کە بریندار یان گیانی خۆیان لە دەستداوە، بە بیانوو و پاساوی\"پاراستن و پارێزگاری لە سنوورەکان\"لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە، بە ئاکام نەگەیشتووە.