برای یەکێک لە زیندانیان: مانگرتن لە زیندانی ورمێ بەردەوامە و دۆخی زیندانیان نالەبارە

15:26 - 1 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ پێی نایە ٣٣ رۆژی خۆی و هەتا ئیستاش هیچکام لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا و بەگوتەی برای یەکێک لە زیندانییانی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، مانگرتن لەو زیندانەدا بەردەوامە و ژمارەیەک لە زیندانیان باری تەندروستییان تێکچووە و تووشی خوێنڕێژی بوون.

ئەو سەرچاوەیە وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ براکەی لە زیندانی ورمێ قسەێ کردووە، گوتی؛ بەندییە سیاسییەکان کێشی لەشیان زۆر دابەزیوەو ژمارەیەکیان کێشی لەشیان لە ١٠ کیلۆ زیاتر دابەزیوە.

عوسمان مستەفاپوور، کە بە پێشینەترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێراندایە و ئێستاش ماوەی ٣٣ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە، ٨ کیلۆ و نیو کێشی لەشی دابەزیوەو هاوکات ژمارەیەک لە زیندانیان تووشی خوین هەڵێنانەوە بوون و چەندین کەسیشیان \"ئاوێکی زەرد\" لە زاریان دێتە دەرەوە.

کەیوان(مستەفا) داودی کە یەکێک لە مانگرتوانی ئەو زیندانییە و لەکاتی راگیرانیدا لە ئیتلاعاتی ورمێ، لاقەکانی بەهۆی ئەشکەنجەوە شکابوون و لە کاتێکدا مەترسیی بڕینەوەی لەلاقەکانی لە ئارادان و پێویستییان بە چارەسەری هەبوو، بەهۆی ئە ومانگرتنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو تووشی لاوازیی جەستەیی بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەیوان داودی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی ئەوەیکە باری تەندروستیی تێکچووە، ماوەی سێ حەفتەی ئیزن بە کەسوکارەکەی نادرێ چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت.

ئەو سەرچاویە گوتیش؛ لەکاتێکدا عەلی ئەفشاری رۆژی رابردوو بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە جارێکی دیکە بۆ بێهداریی زیندان گوازرابوویەوە، ئیزنی نەداوە کە سیڕۆمی لێ بدرێ و لە ئەنجامدا گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندەکەی.