برای چالاکێکی مەدەنیی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر کرا

21:21 - 9 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان، برای چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، پەیمان نەزەری، برای چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری ڕوانسەر، کە لە ساڵی ٩٥ لە ترسی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بە جێهێشتبوو، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ برای ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە کردبوو.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی \"سامان نەزەری\"، چالاکی مەدەنیی کە دوو ساڵ پێش زێدی خۆی بە جێهشتبوو، پرسیاریان لە پەیمان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە برای ئەو چالاکە مەدەنییەیان ڕاگەیاندبوو، هەنووکە ناوبراو لە کوێیە و ئایا بە تەما نییە بگەڕیتەوە بۆ ئێران؟ ئەگەر بگەڕێتەوە ئێمە دەتوانین هاوکاری بکەین.

هەروەها لەو پەیوەندییەدا، چەند پرسیارێکیان بە سەبارەت به یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە ڕوانسەرییە کوردە کردبوو، کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانە.

سامان نەزەری، چالاکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لە ترسی هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بە جێهێشت و پەڕێوەی یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی بوو.