بایکوتی پێشنوێژی خەڵکی مەریوان لە لایەن خەڵکی ئەو شارەوە

14:53 - 24 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش بانگەوازی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، خەڵکی مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین، پێشنوێژی مزگەوتی جامعەی ئەو شارەیان بایکوت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەرمانان، خەڵکی شاری مەریوان بە نەچوونە مزگەوتی جامعەی ئەو شارە، بایکوتی پێشنوێژی ئەو شارەیان کرد.

بایکوتی نوێژی هەینیی خەڵکی مەریوان، لە پشت سەر پێشنوێژی مزگەوتی جامعە، لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پێشنوێژی شاری مەریوان بە ناوی \" مستەفا شێرزاد\"، ڕەزامەندنی لە سەر ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد، دەربڕیبوو.

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ١٧ی خەرمانان، سێ زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، بە ناوەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی ئێعدام کران.

بڵاوبوونەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە، لە کوردستان، ئێران و جیهان دەنگدانەوەیەکی برینی هەبوو، ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی مەریوان بە نیسبەت ئێعدامی زانیار و لوقمان مورادی لێ کەوتەوە بە بایکوتی پێشنویژی مزگەوتی جامعەی ئەو شارە، ڕوویان لە مزگەوتی گوندی \"نێـ\"ـی لە نزیک مەریوان کرد.

هاووڵاتییانی شاری مەریوان لە گوندی نێ شاری مەریوان، ئەرکە ئایینییەکانی خۆیان بەجێ‌ هێنا و دەنگی \"نا\"یان بە گوێی پێشنوێژی مزگەوتی جامعە گەیاند.