باوەڕمەندنەبوون بە ویلایەتی فەقێ، دەرکرانی ژنە مامۆستایەکی کوردی لەبانە لێکەوتەوە

14:13 - 22 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنە مامۆستایەکی کوردی خەڵكی شاری بانە و مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە، بە بڕیاری \"لێژنەی وەرگرتنی ئیدارەی پەورەردە\"وە لەسەر کار دەرکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەریدە بەهاری، مامۆستای وەرزشی قوتابخانەکانی شاری بانە، بەهۆی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان و باوەڕمەند نەبوون بە ویلاتی فەقێ و هەروەها باوەڕمەندی بە مەکتەب قورئان، لەسەر کار دەر کرا.

ئەو ژنە مامۆستایە، کە پێشینەی پێنج ساڵ مامۆستایەتی لە قوتابخانەکاندا بووە، رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ئەمساڵ، بڕیاری دەرکرانی دراوە.

فەریدە بەهاری، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە چەندین جار بانگهێشتی بەشی وەرگرتنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کوردستان کراوە و بە بیانووی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن و رێپێوانە حکوومەتییەکان و هەروەها پەیڕەوی کردن لە مەکتەب قورئانی کوردستان لەسەر کارەکەی دەرکراوە.

مەکتەب قورئان لەو بارەیەوە بلاوی کردۆتەوە، ئەو ژنە مامۆستایە ناڕەزایەتیی بەو بڕیارەی لێژنەی وەرگرتنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کوردستان دەربڕیوەو ئەو هەڵسووکەوتەی بە نموونەی زەقی پێشێلکردنی بیرو باوەڕی خەڵک لەقەڵەم داوە.

لە ماوەی ٢٢ رۆژی رابردوودا (لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا)، ٥ کەس لە ئەندامانی مەکتەب قورئان، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.