باوكی شانۆی سەقز كۆچی دوایی كرد

16:28 - 14 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: یەكێک لە بە پێشینەترین ئەندامانی بنەماڵەی هونەری شانۆی ئوستانی کوردستان، لە شاری سەقز كۆچی دوایی كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 13ی رەشەممەی 1391ی هەتاوی \"ئەمجەد عەلی‌مورادی\" كە بە باوكی شانۆی سەقز ناوبانگی دەركردبوو، لە تەمەنی 64 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی مالئاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو یەكێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی هاوچەرخی شاری سەقز بوو و هەروەها بە نووسین و دەرهێنانی چەندین شانۆی سەركەوتوو، توانیی خۆی وەكوو یەكێک لە كۆڵەكە هونەرییەکانی شانۆ لە كوردستانی ئێراندا بناسێنێت.

نمایشەكانی \"خوازبینی، پاڵەوانە كەچەڵ، ئەسپی سپی، ئا سەید كازم و ماچ و فرمێسک\" وەک بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە دێنە ئەژمار.

ئەمجەد عەلی‌مورادی لە دایکبووی ساڵی 1333ی هەتاوی لە شاری سەقزە و هەر لە سەرەتای منداڵییەوە ئۆگری کاری سینما و شانۆ بووە و کەسیکی خاوەن ئەزموون لەو بوارەدا ناسراوە.