باوک و کچێکی مەهابادی لە ئاودا خنکان

14:34 - 15 پووشپەڕ 2713
ئاژاسنی کوردپا: باوک و کچێکی مەهابادی کە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەیان بۆ سەیران روویان لە بەنداوی ئەو شارە کردبوو، بەهۆی ئاشنا نەبوون بە مەلە کردن لە نێو ئاوی بەنداوەکەدا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی روژی هەینی رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ کچێکی تەمەن ٩ ساڵ بەناوی \"سۆما تەبەرزان\" کەوتۆتە نێو بەنداوی شاری مەهاباد و گیانی لەدەست دا.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، هاوکات باوکی ئەو کچەش بەناوی \"خزر تەبەرزان\" بەمەبەستی رزگار کردنی رۆڵەکەی خۆی خستۆتە نێو ئاوی ئەو بەنداوە و بەهۆی ئاشنا نەبوون بە مەلە کردن تووشی خنکان بووە و لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت تەرمی ئەو باوک و کچە بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادەوەریی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ٢٥ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا چۆماو و بەنداوەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.