باوک و کوڕێک لە شاری بۆکان دەسبەسەر کران

22:30 - 27 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی \"کەریم سەیدزادە\" باوک و \"شارام سەیدزادە\" کوڕ، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە حوکمی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان و هەروەها پشتیوانی لە دووکاندار و مانگرتووانی شاری بانە، بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیار بووە ئیدارەی ئیتلاعات ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردان، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ئازاد بکات.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بە دواداچوونی بنەماڵەکەیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بێ‌ئاکام ماوەتەوە.