باوکی چالاکێکی سیاسیی کورد، بەرەوڕووی هەڕەشە و فشاری ئیتلاعاتی سنە بوویەوە

19:45 - 25 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بنەماڵەی چالاکێکی کوردی خستوەتە ژێر فشارەوە، کە کوڕەکەیان لە دەرەوەی وڵات بۆ زیندانی ئەو شارە بگەڕێننەوە.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، باوک چالاکێکی سیاسیی کورد لە شاری سنە، چەندین جار لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە هەڕەشەی لێکراوە.

باوکی ئەو چالاکە سیاسییە، لە نەخۆشخانەی \"تەئمینی ئیجتماعی\"ی شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە، کە مەئمووران فشاریان خستۆتە سەر کە کوڕەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی ئێران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە شاری سنەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ کوڕی ئەو بنەماڵەیە بەناوی \"فوئاد بەیگی (شۆڕش)\" نزیک بە مانگێک پێش ئێستا بەهۆی مەسەلەی سیاسییەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران گیرسایەوە.

\"23655.jpg\"
فوئاد بەیگی پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە، بەبێ ئامادەبوونی خۆی حوکمی سێ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕابوویەوە
ئەو سەرچاوەیە کە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بەیگی‌یە، گوتیشی: باوکی شۆڕش لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایەو لەگەڵ ئەوەشدا دوو جار لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە باسی لەوەش کرد، فوئاد بەیگی کە بە شۆڕش ناسراوە، بەرلەوەی لە نەخۆشخانەی سنە هەڵبێت، ماوەی ٦ مانگ لە زیندنای سنە لە دەستبەسەریدا بوو، کە پاش چوار رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، لە نەخۆشخانە دەرباز بووەو بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە کاتی هێرش کردن بۆسەر ماڵی شۆڕش بەیگی، سکی ناوبراویان بە سەرە نێزە هەڵدڕیبوو، کە ئەو لاوە کوردە پاش ٤ رۆژ مانگرتن لە زیندانی سنە، گوازرابوویەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە.

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە، پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە، بەبێ ئامادەبوونی خۆی حوکمی سێ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕابوویەوە.

فوئاد بەیگی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زانیاری و راپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکانی کوردپای پشتڕاست کردەوەو داوای کرد ئەو هەواڵە لەایەن ئاژانسی هەوالدەریی کوردپاوە بڵاو بکرێتەوە.