باوکی رۆژنامەنووسێکی کورد بەهۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە خرایە ژێر چاوەدێری پزیشکی

15:40 - 7 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: حەبیبوڵڵا گوڵکار، باوکی رۆژنامەنووسی کورد \"شۆرش گوڵکار\" بەهۆی هەرەشە و فشاری هێزە ئەمنیەکان سەبارەت بە رادەست کردنەوەی رۆڵەکەی و هەروەها زەوت کرانی خانووەکەی، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەو هۆیەوە لە نەخۆشخانەی \"بێعسەت\" شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەک پیش ئێستا دادگای ئینقلابی شاری مەریوان حوکمی زەوت کردنی خانووبەرەی شەخسیی \"حەبیبوڵلا گوڵکار\" و بڕیاری چۆڵکردنی ئەو خانووەی بە بنەماڵەی ناوبراو راگەیاندبوو، لەو پەیوەندییەدا رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢ی جۆزەردان مەئموورانی قەزایی هەڕەشەیان لە بنەماڵەی نابراو کردبوو کە دەبێ خانووەکەیان چۆڵ بکەن، بەو هۆیەوە \"حەبیبوڵڵا گوڵکار\" تووشی جەڵتەی دڵ بووە و هەتا ئێستا لە دۆخێکی ناسەقامگیردا بەسەر دەبات.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری کەسێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیەوە رایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گوڵکار کردووە، لە میدیایی کردنەوەی ئەم مەسەلەیە خۆ ببوێرن.

شۆڕش گوڵکار پاش ئەوەی ساڵی ١٣٨٥ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەیەک لە زینداندا مایەوە و دواتر بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا دادگای ئینقلابی شاری مەریوان بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سوڵتان بەخش\" بڕیاری زەوت کردنی خانووبەرەی باوکی ناوبراوی دەکرد و هەنووکە ئەو حوکمە لە قۆناخی جێبەجێ کران دایە.

قەباڵەی خانووبەرەی حەبیبوڵڵا گوڵکار لە بەرابەر ئازادیی رۆڵەکەیدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە وەک بارمتە دەستی بەسەردا گیراوە.