بانە/ کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

21:25 - 10 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری بانە لە کۆڵبەرانی کورد کوژراو و بریندارێکی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٠ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد کرد.

پاش تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەتی کۆڵبەرێکی کورد گیانی لە دەستدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی برینداربوو.

هەواڵنێری کوردپا ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی بە \"واحید قادری\" کوڕی سەلام ڕاگەیاندووە.

لەو ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"ئارام ناسری\" بەهۆی بەرکەوتنی گولە لە سەری بە توندی برینداربوو، پزیشکانی نەخۆشخانە بارودۆخی تەندروستی ناوبراویان ناجێگیر وەسفکردووە.

لەو ڕووداوەدا، لە دەوروبەری گوندی \"کەنەسوور\" هەڵکەوتوو لە سنووری شاری بانە ڕوویداوە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە هەنوکە لە پزیشکی قانوونی شاری بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراووە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.