بانە/ مانۆڕی ژمارەیەك لاو بە ئاڵای رەشەوە، ترسی خستۆتە ناو دڵی هاووڵاتییانەوە

18:14 - 17 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەشاری بانە ژمارەیەك لاوی ماتۆرسوار ویستوویانە دۆخی شارەكە بشێوێن و بەوتەی خەڵكی دروشمی لایەنگری لە \"داعش\"‌یان وتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٦‌ی گەلاوێژ ژمارەیەك لاوی شاری بانە لە شوێنەگشتیەكان بە ماتۆڕ، مانۆڕییان داوە و ترسیان خستۆتە ناو دڵی خەڵكەوە.

شایەتحاڵێك بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای وتووە، ئەو لاوانە پاتۆڵی كورتیان لەبەردابووە و دروشمی لایەنگری لەداعشیان وتووەتەوە.

\"21321.jpg\"
ئاڵای داعش
ئەو شایەتحاڵە ئەوەشی خستەڕوو، بازاڕییان و دووكاندارەكان لەترسی ئەو لاوانە هیچ سكاڵەیەكیان لەناوەندە ئینتزامییەكان تۆمار نەكردووە.

بەوتەی هاووڵاتیان، دوابەدوای مانۆڕی ئەو لاوانە، هێزە نیزامییەكان چوونەتە شوێنی رووداوەكە و لە وردەكارییەكانی دەستێوەردان و هەڵسوكەوتی هێزە نیزامییەكان لەگەڵ ئەو لاوە ماتۆرسوارانە زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

دەوترێت چەند رۆژ لەمەوبەریش چەند كەس لەلایەنگرانی گرووپی ئیسلامیی \"داعش\" لە ئاویەری سنەش مانۆڕییان دابوو، ئەو مانۆڕەی لایەنگرانی داعش لە ئاویەر لەلایەن ئاژانسی كوردپاوە پشتڕاست ناكرێتەوە.