بانە/هێزە نیزامییەکان هاوڵاتییەکی کوردیان بە توندی بریندار کرد

20:24 - 29 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاوڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی شاری بانە بریندار و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە سنووری\" نەمەشیر\"ی شاری بانە، هاوڵاتییەکی کوردیان بە ناوی جەلال کوڕی حاجی قادریان داوەتە بەر دەستدڕێژی گولـلە بە توندی بریندار بووە.

ئەو رووداوە شەوی یەکشەممە ٢٧ی رێبەندان و لە نزیک گوندی \"ئەنجینە\" سەر بە شارە دێی \"بڵەسەن\"ی شاری بانە روی داوە و ئەو هاووڵاتییە سەری بە تەقەی ئەو هێزانە پێکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەلال هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی یەکێک لە خزمەکانیان لە یەکێک لە ئاواییەکانی نزیک سنووری کردووە، کە لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەیان لێکراوە.

دەگوترێت هێزە ئینتزامییەکان بەبێ هۆشداری و فەرمانی \"راوەستان\" تەقەیان لەو بنەماڵەیە کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، جەلالی حاجی قادر بە هۆی پێکرانی سەریەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە لە ژێر چاوەدێری دایە.

دۆخی جەستەیی ئەو هاوڵاتییە کوردە نالەبار راگەیەندراوە و هوەاڵنێری کوردپا شووناسی ئەو ئەفسەرەی کە جەلالی داوەتە بەر دەسترێژ \"سەروان. م\" راگەیاندووە.

رۆژی ١٦ی ئەم مانگەش هاوڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئەحمەد کوڕی جەلال و لە گوندی \"چۆمان\"ی نزیک سنووری بانە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە درایە بەر دەستدرێژ و بە توندی بریندار کرا.