بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر و روانگەی چەند چالاكیكی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی

13:53 - 22 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵێك لە چالاكانی سیاسی، مەدەنی و رۆژنامەوانی كورد بە بڵاوكردنەوەی بانگەوازێك بۆ رای گشتی، بۆ پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسیی كورد لە زیندانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، داوایان كردووە کە رێكەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر مانگرتنی گشتیی بەڕێوە بچێت.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەوازە، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ زیاتر رووماڵ كردنی ئەم پرسە، چوار چالاكی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگیی كورد كە ئەو بانگەوازەیان واژۆ كردووە، دواندووە و بۆچوونیانی لەم بارەوە وەرگرتووە.

\"9730.jpg\"
میترا ئاریان، چالاکی مافی ژنان
میترا ئاریان، چالاکی مەدەنی و مافەکانی ژنان ئامانج لە بەشداری لەم بانگەوازەی گەڕاندەوە بۆ: ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی تەمەنی خۆی لەپێناو راگرتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی خۆیدا، لە هیچ کردەوەیەکی وەحشیانە و دڕندانەی دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، دەریغی نەکردووە و لەو ناوەشدا بە هەزاران کەس لە خەڵکانی وڵاتی ئێران لە هەموو چین و توێژ و رەگەزە جیاوازەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد دژبە کردەوە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی سەرهەڵدانیان هەبووە و ئامانجیان گەیشتن بە ئازادی و سەقامگیری دێمۆکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەواو مەدەنی و ئینسانی بووە، بۆ ئەم مەبەستەش رێگەگەلی جۆراوجۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گرتۆتە بەر، گەرچی هەتا ئەمڕۆش سەرهەڵدانی ئازادیخوازان دژ بە دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامی نەگەیشتۆتە ئاکامی راستەقینە، بەڵام هیچکام لەم چالاکی و سەرهەڵدانانە بەبێ ئاکامی موتڵەقیش نەبوون.

ئەمڕۆکەش هەر لەپێناو ئەم ئامانجانەدا کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد دەستیان داوەتە جێبەجێ کردنی چالاکیەکی نوێ، ئەویش بە بانگەوازێک لەژێر ناوی \"٢٧ی خەزەڵوەر بکەین بە رۆژی بەرخودان لە رۆژهەڵاتی کوردستان\" کە لەم رۆژەدا خەڵک بە شێوەیەکی مەدەنییانە ناڕەزایەتیی خۆیان لە رێگەی مانگرتنەوە بە داخستنی دووکان و بازار و لە ماڵ نەڕۆیشتنە دەر ئەنجام بدەن، بەو شێوەیە هەم بەخشینی رۆحێکی نوێ بە خەبات دەدرێ و هەم بۆ یادکردنەوەی ٢٧ زیندانیی سیاسی کورد لە ئێران کە حوکمی لە سێدارەدانیان هەیە و هەم بۆ راکێشانی سەرنجی رای کۆمەڵگەی رۆژهەڵات و ئێران بەگشتی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ پرسی کورد و زیندانیانی سیاسیی کورد و بەتایبەت ٢٧ کوردی بە سێدارە حوکم دراو لە ئێراندا.

\"9729.jpg\"
سیامەک حەیدەری ، چالاکی سیاسی
سیامەک حەیدەری، چالاکی سیاسی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی: راکێشانی سەرنجی رای گشتی بۆ لای بارودۆخی ٢٧ زیندانی سیاسیی کوردی مەحکوم بە ئیعدام کەلە زیندانە جیاجیاکانی ئێراندا چاوەڕێی جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە دەکەن. بێدەنگی راگەیاندنەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ رای گشتی لە هەمبەر ئەو زیندانیانەدا، بووە هۆی نیگەرانیی ئێمە، بۆیە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەوازەسەرنجەکان بۆ لای ئەو زیندانیە سیاسییانە رابکێشین.

جەواد حەیدەری، رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگی لە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئاژانسی کوردپادا رایگەیاند: لەم هەلومەرجەی ئێستادا بیروڕای گشتی و سەرنجەکان بۆ لای مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی کوردستانی تورکیە و دۆخی کوردەکانی سووریەیە، هەرچەندە دەبێ هەوڵی تاک بە تاکی ئێمە لەپێناو یەکڕیزیدا بێت، بەڵام لە راستیدا زیندانیانی کوردی کوردستانی ئێران لە میدیای کوردیدا پشتگوێ خراون و ئەمە وای کردووە کە تارادەیەک زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت زیندانیانی سیاسیی مەحکووم بە ئیعدام لە کوردستانی ئێران لەبیر بکرێن.

لەبارەی پێشنیار و رێکار بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم چالاکییە مەدەنییە بۆ زیاتر لەناو چالاکانی سیاسی، مەدەنی و بەتایبەت لە ناو جەماوەری خەڵکدا کاریگەری و رەنگدانەوەی هەبێت، بەهار حوسێنی، چالاکی فەرهەنگی رایگەیاند: من لەو باوەڕەدام کە دەرخستنی چەند لایەنەی ئەو مانگرتنە و دانی روون کردنەوەی پتر هاوکات لەگەڵ ئەوە، دەبێت جەماوەری کوردستان لە رۆژهەڵات بگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو جۆرە مانگرتنانە دەتوانێت بەرەنجام و دەسەکەوتی لێ بکەوێتەوە و بەدڵنیاییەوە ئەوکات خەڵکی کوردستان بەدەنگ ئەو مانگرتنەوە دێن.

میترا ئاریان، لە پێوەندی لەگەڵ هەمان پرسیاردا بەم چەشنە رای خۆی دەربڕی: تەواوی ئەو کەسانەی کە دەستیان داوەتە جێبەجێ کردنی ئەم بانگەوازە، لەگەڵ ئەوەی کە ماوە و کات یەکجار تەنگ و کەم بوو، بەڵام ئەوەی لە دەستیان هاتووە ئەنجامیان داوە، لە پێوەندی گرتن بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ هاوکاری بگرە هەتا گواستنەوەی بۆ ناوخۆی خاکی رۆژهەڵات بە شێوەی نهێنی کاریان کردووە، بەڵام سیستمی حکوومەتی کوماری ئیسلامی، سیستمێکی تەواو دیکتاتۆرانەیە و لەو جۆرە سیستمانەشدا کە لەسەر بابەتی زۆر ساکار مرۆڤەکان کوشت وبڕ دەکەن و پراکتیزە کردنی چالاکیی لەو چەشنە کارێکی سانا نیە، بەڵام هاوکات کارێکی مەحاڵیش نیە، بە مەرجێک کە خەڵک بە شێوەیەکی یەکگرتوو هاوکار بێ، من پێم وایە لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەریی پرسی کورد، بە یەکگرتوویی دەکرێ هەموو نامومکینەکان، مومکین بکەین.

گەرچی دەیان هۆکار بۆ کەم رەنگبوونی ئەم یەکیەتیە لە رۆژهەڵات هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکان دەکرێ لە پێنج خاڵدا زەق بکرێنەوە، یەک: چاوترسێن کردنی خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە رێگەی زیندانی، ئەشکەنجە، سێدارە و کوشتن، دوو: کەم کاری و بە شێوەی دروست کاناڵیزە نەکردنی جەماوەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی کورد، سێ: نەبوونی یەکگرتوویی لەناو ئۆپۆزسیۆنی کوردی، چوار: هەژاری و دابەزینی هیوای خەڵک و پێنجەمیش: تا رادەیەک دیار نەبوونی سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و رۆژئاوا بەرامبەر بە پرسی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا.
ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان باسی لە ئەرکی ژنان لە بەرامبەر ئەم کاردا کرد و جەختی کردەوە: پێویستە ژنان وەک ئەو چینەی کە بە چەند قات زێدەتر لە هەموو بوارەکانی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و... لە وڵاتی ئێراندا لەژێر زوڵم و چەوساوەییدا دەژین، لەو رۆژەدا پێشەنگ بن و دیوارە پۆلایینەکانی بێدەنگی و ترس بشکێنن.

ژنان بە پێشەنگایەتی کردن و بوێری دەتوانن پرش و بڵاوی هێزی کورد لەناو ببەن و هەوڵ بۆ یەکگرتنی هێزی کورد و یەکگرتوویی لە هەوڵوێست و کردەوەی کورد بەرامبەر بە چارەسەریی کێشەکانیان بدەن، چونکە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ژنان سەرهەڵدانێکی مێژوویی بخوڵقێنن.

\"9731.jpg\"
بەهار حوسێنی، چالاکی فەرهەنگی
بەهار حوسێنی، لەبارەی کاریگەیی ئەم جۆرە چالاکییانە لە فەزای مەجازیدا بە مەبەستی جێگیرکردنی زیاتری خەباتی مەدەنی لە کوردستانی ئێران وتی: ئەگەر لە باسی شرۆڤەکردنی خەباتی مەدەنی گەڕێین دەبێ بڵێین لە کۆمەڵگایەکی تۆتالیتێردا هەرچەشنە چالاکییەک کە بتوانێت داخراویی کۆمەلگا، لەژێر رکێفی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بێنێتە دەرێ دەکرێت پێناسەی خەباتی پێ بدەین.

بەڵام راگەیاندن و دەرخستنی هەموو لایەنەکانی گرفتە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابورییەکانی کە لەڕاستیدا بەرەنجامی دەسەڵاتی تۆتالیتێرە لە کۆمەلگای ئێراندا سەرەرای ئەوەی کۆمەڵگا لە داخراوەیی رزگار دەکات، دەتوانێت رای گشتی بەرەورووی دەسەڵاتی تۆتالیتێر بکاتەوە و ئەوەش قۆناغێکی گرینگە بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتی تۆتالیتێر کۆمەڵگادا.

ئەو مانگرتنە ئەگەر تەنانەت هەر لە ئاستی مەجازیشدا بمێنێتەوە لە راستیدا هەنگاوێکە بۆ شکاندنی داخراویی کۆمەڵگا، بەڵام ئەگەر بچێتە قۆناغی کردەوەوە لە راستیدا گەڕانەوەی کۆمەلگایە بە شێوەیەک کە هاوکات لەگەڵ ئەو گەڕانەوەیە دەستی دەسەڵاتیش، کە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێرە، دەبەستێت و دەسەڵات ناتوانێت کۆمەڵگا بەرەوڕووی ئەو ئاستە لە توندوتیژی بەرێت کە پێویستە رەوتێکی سیاسیی پێ سەرکوت بکرێت. چونکە دەسەڵاتی تۆتالیتێر، توندوتیژی بە باشترین رێگا دەزانێت بۆ لەنێو بردنی رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

سیامەک حەیدەری، چالاکی سیاسی لەبارەی پێشنیار و رێکارەکان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پرسە لە ناوخۆی کوردستان رایگەیاند: لە راستیدا ئامانجێکی دیکە ئەوە بوو کە تێکڕای چالاکانی مافی مرۆڤ و رای گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەە بۆ لای ئەم ماسەلەیە رابکێشین و ئەگەر سەرجەم بیروڕای گشتی لەم بابەتە ئاگادار بوونەوە بە هاوئاهەنگی و بەتایبەت لە ناوخۆی کوردستان مانگرتنێکی گشتی رێک بخەین.

\"9728.jpg\"
جەواد حەیدەری،رۆژنامەوان و چالاکی فەرهەنگی
جەواد حەیدەری رۆژنامەوان و جالاکی فەرهەنگی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ پرسی خەبات و نافەرمانیی مەدەنی لەناو کوردستانی ئێران هەتا چەندە جێگای گرتووە وتی: لەراستیدا خەباتی چەکداری پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە و ئێمە ئەو شێوازەشمان لە خەبات تاقی کردۆتەوە بۆیە بە بڕوای من هاوکات لە رێگای خەباتی مەدەنیشەوە بەهەموو شیوازەکانی وەک: داخستنی دوکان و بازار و نەچوونە سەرکار و تەنانەت هەندێک جار بێدەنگی یان بۆنە نەتەوەییەکان وەک نەورۆز و رۆژی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان دەتوانێ کاریگەری خۆی هەبێت و دەتوانیین بەسەر کەوتن بگەین.

سیامەک حەیدەری، لە وەڵامی هەمان پرسیاردا بەم چەشنە رای خۆی دەربرێ، لە ساڵانی رابردوودا بە داخستنی دووکان و بازار مانگرتنی گشتیمان لە خەڵک دیوە و ئەگەر خەباتی مەدەنی لە کوردستانی ئێران پێشینەی هەیە و شتێکی بەردەوامە و ئەگەر چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بتوانن سەرنجی رای گشتی لە ناوخۆ بۆ لای ئەم مەسەلەیە رابکێشن و کاناڵیزە بکرێت، دەتوانێ وەڵامدەر بێت.