بانگەوازی مانگرتنی سەرانسەریی کاسبکاران، کۆڵبەران، بازاڕیان و چالاکانی مەدەنیی شاری بانه

14:30 - 4 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکاران، کۆڵبەران، بازاڕیان و چالاکانی مەدەنیی شاری بانه بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو شارە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی، بانگەوازێکی سەرانسەریان دژی ئەو کردەوەیە بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاسبکاران، کۆڵبەران، بازاڕیان و چالاکانی مەدەنیی شاری بانه بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو شارە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی، بانگەوازێکی سەرانسەریان دژی ئەو کردەوەیە بڵاو کردەوە.

لەو بانگەوازەدا هاتووە کە ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە خەڵکی شاری بانە دژی ئەو کردەوەیەی بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی مان دەگرن.

دەقی ئەو بانگەوازە بەم چەشنەیە:

جەماوەری خەڵکی شاری بانە
ستەم لێکراوانی کوردستان!
هەر وەک ئاگادارن کوردستان بە تایبەت و ئێران بە گشتی لەژێر بارێکی سەخت و دژواری ئابووری و بژێوی ژیاندایه.

ناوچە سنوورییە کوردنشینەکان لەبەر نەبوونی هەلی کار، بە کاری دژواری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوونه کە ساڵانە زۆر کۆڵبەر بە شێوەی نامرۆڤانە کوژراون؛ ئێستا بە داخستنی سنوورەکان ئەو هەلە دژوارانەی نانی مەرگیش بڕاوە.

بۆیە داوا دەکەین خەڵکی شاری بانە و هە موو شارەکانی کوردستان و ئێران بە یەکدەنگی دوکان و بازاڕ دابخەن و تا گەیشتن بە مافە ئابوورییەکانمان لە ناڕەزایەتی و مانگرتن‌ بمێنینەوە.

کاتی مانگرتن: شەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی