\"بانگەشە بۆ ئایینی مەسێحییەت\" دەسبەسەرکردنی ژنە هاووڵاتییەکی کوردی بەدواوە بووە

14:43 - 26 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان کەرەج، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری کەرەجیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەعسوومە تەقی‌نژاد\" تەمەن ٣٠ ساڵ و کچی محەممەد، خەڵکی شاری کرماشانیان لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی \"ئارتین\" دەسبەسەر کردووە.

ئەم ژنە کوردە، لە کوردەکانی فەیلیی شاری کرماشانە، کە ١٥ ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە شاری کەرەج و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی مەعسوومە تەقی‌نژاد، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم ژنە کوردە، کامپیوتێر و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"بانگەشە بۆ ئایینی مەسێحییەت\" لە دونیای مەجازیدا دەسبەسەر کردووە.

پێشتریش، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە هەمان تۆمەت، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی یەک مانگ لە زینداندا بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ کوڕەکەی لە زینداندان و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.