بانگهێشت کردنی چالاکانی کرێکاری بەردەوامە

14:42 - 10 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی شاری سنە، چالاکێکی کرێکاریان بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە بە ناوی\"فارس گۆیلیان\" لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد.

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە ٧ی بانەمەڕ، لە بەرەبەری یەکی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران بانگهێشت کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: حیفازەتی ئیتلاعات لەو بارەیەوە هوشداریان بە فارس گۆیلیان داوە کە نابێت لە ڕێوڕەسمە نادەوڵەتییەکانی وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران و مامۆستایان بەشداری بکات.

فارس گۆیلیان، پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە شاری سنە، هاوکات لە گەڵ چەند کەسێکی دیکە لە ڕێوڕەسمی بەشداری کردن لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، دەستبەسەر کرابوو.

چەند ڕۆژ پێش ئێستایش، شەیس ئەمانی چالاکی کرێکاری پاش بانگهێشت و لێپرسینەوە، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی ئەوەی لێکراوە کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر جۆرە چالاکییەک لە بەرەبەری ١ی مانگی مای ڕۆژی جیهانی کرێکاران، هەڵسووکەوتی یاسایی بەرانبەری دەگیرێتە بەر.