بانگهێشت کردنی چالاکانی مەدەنیی بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بەردەوامە

14:22 - 5 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران سێ چالاکی مەدەنییان لە شاری سەڵماس بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو ٢٩ی ڕەشەمە، سێ چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەڵماس سەر بە پارێزگای ورمێ بە ناوەکانی\"مەحموود جەباری\"،\"ئەمین جەداری\" و \"حەمدوڵا کارساز\" لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگهێشت کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەتییەکان ئەو سێ چالاکە مەدەنییەیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، حەمدوڵا کارساز پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە و ئەو دوو چالاکە مەدەنییەی دیکە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

پێشتریش، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، پێنج چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی \"موحسێن مورادی، ئاریوان شاکری، مێهران محەممەدی، عێرفان ساعدپەنا و سالار کازمی\" بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردبوو.