بانگهێشت کردنی بەردەوامی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بۆ ئێدارەی ئیتلاعات

13:28 - 13 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی بانگهێشت کردنی بنەماڵەی ئەندامانی چالاکانی سیاسی لە کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسییان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانبار، ئیداری ئیتلاعات شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"شێزراد حەسەنپوور\" بانگهێشت و داوای ناونیشانی شوێن براکەی و هاوکارییان لێ کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئیداری ئیتلاعات بۆ ماوەی سێ کاتژمێر شێرزادیان ڕاگرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری نەدانی ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی براکەی، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، لەگەڵ دۆسیەی قەزایی بەڕەوروو دەبێتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بەو هاووڵاتییانە وتووە، کە براکەی لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا دەستی هەیە و خەریکی بانگەواز کردن بۆ ڕاپەڕین بە دژی حکوومەتە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەمە چەندەمین جارە، کە هەڕەشە لە بنەماڵەی محەممەدشێرکۆ حەسەنپوور دەکەن و داوای ناونیشان و ژمارە تەلەفۆن و هاوکاریی لەو بنەماڵەیە دەکەن.