بانگهێشت و لێپرسینەوە لە چالاکێکی دیکەی خوێندکاری لە مەریوان

19:17 - 6 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی چالاکانی خوێندکاری و مەدەنیی کورد لە شاری مەریوان، چالاکێکی دیکەی خوێندکاری لەو شارە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سۆران دانیشوەر چالاکی خوێندکاریی کورد پاش ئەوەی لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە بانگهێشت کراو خۆی بەو ئیدارەیە ناساند، لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بەرەوڕووی لێپرسینەوە بوویەوە وپاش نزیک بە ٥ کاتژمێر ئازاد کرا.

سۆران دانیشوەر، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندان لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە بە تەلەفۆن ئاگادار کرابوویەوە، خۆی بەو ئیدارەیە بناسێنێت.

\"18069.jpg\"
سۆران دانیشوەر چالاکی خوێندکاریی کورد لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە لێپرسینەوەی لێکرا
بانگهێشتی ئەو چالاکە خوێندکارییە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دوای ئەوە دێت، کە رۆژی رابردوو سێ چالاکی دیکەی خوێندکاری بەهۆی بەشداری کردن لە خۆپیشندانێک کە رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەدژی سزای لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسیی کورد لە شاری مەریوان بەڕێوەچوو، دەستبەسەر کران.

رۆژی رابردوو رێکەوتی ٥ی رێبەندان سێ چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی مەریوان بەناوەکانی دانا لەنجاوایی، هێمن بیگلەری و ئارەش مەولوودی دەستبەسەر کران کە هێمن و ئارەش پاش ٧ کاتژمیر لێپرسینەوە ئازاد کران.

هەتا کاتی بلاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دانا لەنجاوایی چالاکی مافی مرۆڤ و خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لەدەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماوەتەوە و هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.