بانگهێشت و دەسبەسەریی هاوڵاتییەکی شنۆیی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

11:41 - 1 خەرمانان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی گەلاوێژ، هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید ئیبراهیمی" کوڕی قادر خەڵکی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئەو زیندانییە سیاسییە پێشوویەیان بانگهێشت کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئومید ئیبراهیمی پاش ئامادەبوونی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری بانگهێشت و گیرانی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بە دەست نەهاتووە.

ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە بە کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

ئومید ئیبراهیمی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی، هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە دادگای ئینقلابی شنۆ دادگایی و بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ئومید ئیبراهیمی، ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوو.