بانگهێشتی چالاکێکی مەدەنیی کورد بۆ دادگای سەقز

15:20 - 2 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شاری سەقز، بۆ لقی ٣ی دادیاری ئەو شاره بانگهێشت کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپا، ڕۆژی ١ی ڕێبەندان، \"نەجیبە ساڵح زاده\" چالاکی مەدەنیی کورد لە سەقز و هاوژینی مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاریی بۆ دادگا بانگهێشت کران.

دادگای سەقز لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لەو چالاکە مەدەنییە کوردە کردووە، کە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان خۆی بە لقی ٣ی دادیاری دادگا بناسێنێت.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ حوکمی یەکساڵ زیندانی تەعزیزی بۆ مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاریی کورد و هاوسەرەکەی نەجیبە ساڵح زادە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنه کرایە پارە و لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە بەبێ بوونی پارێزەر لە دادگای سنە، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە دامەزراوە دژبەرەکانی نیزام و پڕۆپاگەندا دژی نیزام\" بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.