بانگهێشتی ٥ چالاکی کرێکاریی بۆ دادگای ئینقلابی شاری سنە

16:20 - 4 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ٥ چالاکی کرێکاری ئەو شارەی بانگهێشت کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، پێنج کەس لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە، بە ناوەکانی \"شەریف ساعد‌پەنا، حەبیبوڵڵا کەریمی، غالب حوسێنی، خالید حوسێنی و موزەفەر ساڵحنیا\" بە جیا بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم هەوڵەی دادگای ئینقلابی شاری سنەی، لە ڕاستای \"پێشگرتن لە کۆبوونەوەی کرێکاران لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران\" ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"لە ساڵی ڕابردوودا، ئەم چالاکانە بە تۆمەتی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ٩٦ لە تالاری پەردیسی سنە، چەند جار لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و بڕیارە ئەم چالاکانە لە ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ جارێکی دیکە دادگایی بکرێنەوە\".

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، دژکردەوەی خۆی بە نیسبەت بانگهێشتی ئەم ٥ چالاکە کرێکارییە ڕایگەیاندووە و نووسیویەتی: \" هەر جۆرە بانگهێشت کردنێک، لێپرسینەوە و دادگایی و زیندانی کردنی کرێکاران و چالاکانی کرێکاریی بە هۆکاری ئەمنییەتی مەحکوومە و بێ‌شک ئەم هەوڵانە بێکەڵکە و ناتوانێ پێش بە بزووتنەوەی داواکارییەکانی کرێکاران لە کۆمەڵگا بگرێت.