بانگهێشتی رۆژنامەنووسێکی کورد بۆ ئیتلاعات، بەهۆی رەخنەگرتن لە دەوڵەت

13:51 - 8 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی رەخنە گرتن لە دەوڵەت بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لوقمان قەنبەری، رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەر پاش بانگهێشت کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، خۆی بەو ناوەندە ئەمنییە ناساند.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەرپێڵ زەهاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ لوقمان قەنبەری بەهۆی رەخنەگرتن لە دەوڵەت، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵ زەهاو کراوە.

\"22358.jpg\"
لوقمان قەنبەری، رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی کورد
دەگوترێت، کە لوقمان قەنبەری لە ماوەی رابردوودا لە چەند وتارێکدا رەخنەی لە دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێستای ئیڕان گرتووە.

بانگهێشتی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە کاتێکدایە، کە حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و لە بەڵێنییە سیاسییەکانیدا رایگەیاندبوو: \"رەخنەگرتن دەتوانێ ببێتە هۆی راستکردنەوی هەڵەی دەوڵەت، رەخنەگرتن ماف و ئەرکی خەڵکە و دەوڵەتی (تدبیر و امید) پێشوازی لە رەخنە دەکات\".

رۆحانی لە بەندی ٩٤ی بەڵێنییە سیاسییەکانیدا سەبارەت بە ەرخنە گرتن، گوتوویەتی؛ \"لە سەفەرە ئوستانییەکاندا پێمخۆشە لەبری ئەوی داوای پارەم لێبکرێت، لە نامەکانیاندا رەخنە لە کارکردی من بگرن\".

چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ لەو باوەڕەدان، کە حەسەن رۆحانی تەنیا بە دروشم و قسە کردن لەگەڵ سەرکۆماری پێشووی حکوومەتی ئیسلامی جیاوازیی هەیە و بە گوتەی ئەو چالاکانە سەرکوتی چالاکانی سیاسی، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بەپێی ئامار و بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد رووی لە زیادبوون کردووە و درێژە بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی پێشوو ئەدات\".