بانگهێشتی دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی قوروەو دێولان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

14:39 - 19 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی فشاری بۆ سەر هاووڵاتییان و چالاکانی مەزهەبی لە کوردستان، دوو هاووڵاتیی کوردی خەلکی شارەکانی قوروە و دێولان لە ئوستانی کوردستان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارانەوە بانگهێشت کران.

بەپێێ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی محەمەد کەریمی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراو بەرەوڕووی لێپرسینەوەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بوویەوە.

\"20975.jpg\"
محەمەد کەریمی و مەنسوور قادرمەرزی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاته‌وه بانگهێشت کران
هەروەها رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ، مەنسوور قادرمەرزی و خەڵکی شاری دێولان، کە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرابوو، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێکۆلینەوەی لێکرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی مەکتەب قورئان بڵاوی کردۆتەوە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ئەندامی مەکتەبی قورئان بوون، کە سەبارەت بە چالاکییەکانیان لە مەکتەبی قورئاندا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

پێشتریش، لە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵدا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە بەناوی سەعدی قوڕەیشی، کە ئەندامی مەکتەب قورئان بوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی لێپرسینەوەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات ببوویەوە.