بانگهێشتی بەڕێوەبەری پایگای خەبەری \"هەواڵ\" بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ

20:37 - 3 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ٢ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری ورمێ، بەڕێوەبەری پایگای خەبەری \"هەواڵ\"ی بانگهێشت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕەسووڵ (هەژار) ڕەحیمی، بەڕێوەبەری پایگای خەبەری \"هەواڵ\" بۆ لقی ٢ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری ورمێ بانگهێشت کرا.

بەڕێوەبەری پایگای خەبەری \"هەواڵ\"، لە پەیوەندیی لەگەڵ سکاڵای جەلال مەحمودزادە، نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیس بە بڵاوکردنەوەی \"هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان\"، دەبێ لە کاتی دیاری کراودا لە لقی ٢ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری ورمێدا ئامادە بێت.

لە بەڵگەی بانگهێشتنامەکەی ئەم چالاکە میدیایە کوردەدا نووسراوە، لە ئەگەری ئامادە نەبوون لە کاتی دیاری کراو حوکمی دەسبەسەر کردن بۆ ناوبراو دەردەکرێت.

بەڕێوەبەری پایگای خەبەری \"هەواڵ\" کاتی ئامادەبوون لە لقی ٢ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری ورمێ دەتوانێ پارێزەری دادگوستەری لەگەڵ بێت.
پایگای خەبەری \"هەواڵ\"، هەواڵی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی کوردستان ڕووماڵ دەکات.

\"\"بانگهێشتی بەڕێوەبەری پایگای خەبەری \"هەواڵ\" بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ