بانگهێشتکردنی ئەندامێکی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران و سێ چالاکی کۆمەڵایەتی بۆ حیفازەت ئیتلاعاتی سنە

17:37 - 17 رەشەمه 2721

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ڕەشەمە، "موزەفەر ساڵح‌نیا" یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، "جەماڵ ئەسەدی، فەردین عەیوزی و قودس شاکری"، سێ کەس لە چالاکانی کۆمەڵایەتیی سنە، بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە کران.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "مەئموورانی ئیتلاعات بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز هەوڵیان داوە بەڵێننامە لەو چالاکانە وەربگرن کە بەشداری لەو جێژنە نەتەوەییە نەکەن، بەڵام موزەفەر ساڵح‌نیا لەگەڵ ئەو داواکارییە دژایەتیی کردووە".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعات و دژایەتیکردنی بانگهێشتکراوان لە نووسینی بەڵێننامە، هەر چواریان ئازاد کران.