بانگهێشتکردنی ژمارەیەک لە کاسبکارانی شاری مەریوان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە

16:19 - 1 بەفرانبار 2721

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە دۆلار و دینارفرۆشەکانی شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئیدارەی ئیتلاعات جیا لە بانگهێشت و لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی شاری مەریوان، دەستی بەسەر هەژمارە بانکییەکانی ئەواندا گرتووە".

ئەو سەرچاوەیە ژمارەی بانگهێشتکردنی ئەو کەسانەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات نزیک بە ٣٠ کەس و شوناسی هەندێک لەو کاسبکارانەی بە ناوەکانی حاجی "هادی" خەڵکی گوندی "خانمەکۆن" و دانیشتووی شاری مەریوان، "دانا" و "ئەردەشیر" دانیشتووی گەڕەکی "چوارباخـ"ـی مەریوان، "هێمن" خەڵکی گوندی "ولەژێر" و دانیشتووی شاری مەریوان، "ئومید" خەڵکی گوندی "ئاگجە"ی سەر بە ناوچەی سەرشیو و"عوسمان ئازەری" خەڵکی گوندی "مێرگەدرێژ" ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئیدارەی ئیتلاعات بەو هاووڵاتییانەی ڕاگەیاندووە دەبێ سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی گشتی لە شاری تاران بکەن و حاجی هادی بارمتەی چەند میلیاردیی داناوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە ژمارەیەک لەو کاسبکارانە لە ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری تاران خۆیان بواردووە و نەڕۆیشتوون.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "لەو پەیوەندییەدا، شەوی ٢٩ی سەرماوەز، جارێکی دیکە هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردبووەوە سەر کاسبکاران، بەڵام کەسیان بۆ دەسبەسەر نەکرابوو".

هەتا ئیستا هۆکاری بانگهێشت و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کاسبکارانە، بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.