باسێک لەسەر ژنکوژی لە وتووێژ لەگەڵ شیوا میرەکی + ئاماری ژنکوژی لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١

ژنکوژی لەگەڵ ئەوەی دیاردەیەکی جیهانی و سەرچاوەگرتوو لە سیستەمی پیاوسالار و بیرۆکەی خاوەنداریەتی بەسەر جەستەی ژنەوەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ تاوتوێکردنی پێویستە لە بەستێنی مێژوویی-کۆمەڵایەتی-سیاسی-ئابووریی هەر وڵاتێک بەپێی کات و  شوێن لێکدانەوەی تایبەتی بۆ بکرێت. بەتایبەتی کاتێک ئاڵوزی و هۆکارە کارلێکەکانی دەخوازێت بەپێی توێژینەوەی زانستی تاوتوێ بکرێت و ئەنجامدانی توێژینەوەش لەو بوارە نیشاندەری ئەوەیە کە وڵاتێک بەرنامە و پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی هەیە.

بە چاوخشاندنێک بەو دیاردەیە لە وڵاتی ئێران بۆمان دەردەکەوێت نەتەنیا توێژینەوە و پلانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوونی نییە، بەڵکوو بە یاسا و پەروردە هەوڵ دراوە ڕۆڵی سیستەمی پیاوسالار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژن بەهێز بکرێت. لە هەمانکاتدا ژنکوژی لە ڕوانگەی حکوومەتەوە وەک بابەتێکی تاکەکەسی/بنەماڵەیی چاوی لی دەکرێت، تەنانەت بۆ لابردنی بەرپرسایەتی لەسەر شانی خۆی هەوڵ دەدات وەک بابەتێکی فەرهەنگی و نەگۆڕ چاوی لێ ‌بکات (ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرهەنگ لە بنەڕەتدا خۆی شتێکی لە حاڵی گۆڕاندایە).

لەو پەیوەندییەدا کوردپا بە پێویستی زانی لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی مافی ژنان لە ناوخۆی کوردستان چاوێک بە بابەتەکە بەپێی بارودۆخی ڕۆژ بخشێنێت.

لەو ڕاپۆرتەدا وێڕای ئەوەی لە گفتگۆ لەگەڵ شیوا میرەکی، چالاکی مافی ژنان وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار وەردەگرین، بە خستنەڕووی ئاماری ژنکوژی لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١ باسێک لەو بابەتە دەکەین.

بە بڵاوبوونەوەی زۆرتری هەواڵەکانی ژنکوژی لە کوردستان لە یەکەم نیگا وادێتە بەرچاو ژنکوژی لە کوردستان زیاتر لە هەموو شوێنێکی ئێرانە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئامارێکی دیار لەو بوارە، گەشەنەسەندوویی کوردستان لەڕووی ئابووری و کاریگەری لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەمووی گرنگتر هەوڵی زیاتری چالاکانی ژنان و مافی مرۆڤ بۆ باسکردن لەو دیاردەیە نیشانی داوە ئەوەی کە هەیە زیاتر دەنگێکە بۆ بێدەنگ نەبوون بەرامبەر ژنکوژییەکان و مەحکوومکردنی.

لە یەکەم پرسیار لەگەڵ شیوا میرەکی، چالاکی مافی ژنان باس لەوە دەکەین، ڕەوەندی ژنکوژییەکان چۆن دەبینن و ئایا ڕەوەندەکە لە هەڵکشاندایە یان داکشان؟

شیوا میرەکی؛ "لەڕاستیدا ناتوانین بەدڵنیایی وەڵام بدەینەوە کە ئامارەکان بەرەو زیادبوونە یان کەم بوون، بەڵام ئەگەر بە پێ دۆخی کۆمەڵگە هەڵی بسەنگێنین بەهۆی ئەوە توندوتیژییەکان لە کۆمەڵگە زیادی کردووە و کۆمەڵگە خەریکی پەڕینەوە لە کۆمەلگای سوونەتی بەرەو کۆمەڵگەی مۆدێرنە و کۆمەڵگە بەگشتی و بەتایبەتی ژنان خەریکە ئاگا دەبنەوە بەرامبەر مافەکانیان و بۆ مافەکانی خۆیان دێنە دەنگ. بۆیەش من وابیردەکەمەوە لەم نێوانەدا چونکە پیاوان حەز ناکەن بەپێی هەستی خاوەنداریەتی مافەکانی ژنان لەبەرچاو بگرن، توندوتیژییەکان زیاد دەبن. هۆکارێکی دیکەش ئابوورییە، ژنان بەهۆی ئەوەی لەڕووی ئابووەییەوە چاویان لە دەستی پیاوانە و پیاوانیش لەو بوارەوە لەژێر گوشارێکی زۆر دان بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و بە گشتی لە ئێراندا، دەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین ئەو گرانییە بۆتە هۆکاری توندوتیژی زیاتر و ژنانی زیاتر خستۆتە  ژێر گوشارەوە. بەقەولی جان مینارد کینز، ئابووری‌ناسی دیاری سەدەی بیستەم؛ "گرانی لە درێژخایەندا تەواوی ژێرخانە ئابووری، کەلتووری و سیاسییەکان ئەرژێنێ بەیەکدا" و ئێمە خەریکین ئەو قۆناغە بەچاوی خۆمان دەبینین.

دواتر ئەگەر چاو لە میدیاکان(ماهوارە، تەلەڤزیۆن، سۆشیال میدیا و...) بکەین، زۆربەیان لەسەر بەکاڵاکردن و کۆیلەکردنی ژن خەریکی کارکردنن و سیستەمی پەروەردەش پیاو سەروەرانەیە و ئێمە لە قوتابخانە و وانەکان دەبینین تەنانەت ژن لەناو کتێبە دەرسییەکانیشدا زیاتر بەکاری ناوماڵ هان دەدرێن و ئەوە کۆمەڵگەیە کە دیاری دەکات ژن دەبێت چی بکات. ژنان تەنانەت ئەگەر لە خوێندن و زانست‌دا بگەنە بەرزترین ئاستی زانستی و خوێندن، بەتایبەتی لە وڵاتی ئێراندا ئەوپەری ئەوەیە کارێکی فەرمانبەریان پێ بدەن و لەئاستی باڵا کارێکی پێ نادرێت؛ یانی دەبێت ئەو ژنانە هەمیشە لەژێردەستی پیاوان‌دا بن، تەنانەت ئەگەر لەئاستێکی زۆر باڵاش بن. هەربۆیە ژنان بەهۆی ئەوە کاری ماڵ دەکەن و پێیان سپێردراوە و بەگشتی کۆمەڵگە چاوەڕوانی ئەوەیە ژنان ماڵداری، شووداری و منداڵداری بکەن و ئەمانە بنەڕەتی‌ترین کاری ژن پێناسە دەکەن. ژنان هێزی خۆیان بۆ ئەم کارانە دایدەنێین و بۆ پێشکەوتنی خۆیان هێزێکیان نامێنێت، سروشتی ئەوە کارانەش هیچ پیشکەوتن و حەقدەستێکی تێیدا  نیە و تا کۆتایی ژیانیان هەر درێژەی هەیە و رێگرە لەبەردرم سەرکەوتنیان."

بەگشتی هۆکارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەسەر سێ ئاستی هۆکارە ڕیشەییەکان، وەک بیرۆکەی پیاوسالاری و نەریتە دواکەتووەکان؛ هۆکارە پێکهاتییەکان وەک یاسا دژەژنەکان و هەڵاواردن‌خوازەکان و سیستەمی داکۆکیکار لە پیاوسالاری و هۆکارە پەرەپێدەرەکان وەک قەیرانە ئابووری-سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان دەوستێت. بەردەوام بوونی ئەو سێ هۆکارە کە یارمەتیدەری یەکترین وادەکات توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەرهەم بێتەوە، بەتایبەتی لەکاتی هەڵکشانی هۆکارە پەرەپێدەرەکان توندوتیژی ڕووی لە هەڵکشان بێت.

لێرەدا لەگەڵ شیوا میرەکی ئەوە باس دەکەین کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نالەباری ئابووری-کۆمەڵایەتی-سیاسیی ئێستای وڵاتی ئێران و بەتایبەتی کوردستان چۆن دەڕواننە ئەو هۆکارانە؟  

شیوا میرەکی؛ "ئەگەر ئێمە هەموو ئەو بابەتانە لێکبدەینەوە، کۆمەلێک هۆکار دێتە بەردەستمان بۆ ئەوەی باس لە هۆکاری توندوتیژی و کوشتنی ژنان بکەین. بەدڵنیاییەوە یەکێک لەو هۆکارانە ئایینە، بەڕاستی لە ئایینی ئیسلام‌دا یاساگەلێک بوونیان هەیە کە دژ بە ژنانە و ژنان بەرموڵکی پیاو دەکاتەوە. هەر ئەم بەرموڵک بوونە وای کردووە مافی چوارژن و لێدانی ژن بۆ پیاو پارێزراو بێت. هەروەها ئاماژەی راستەوخۆ کراوە کە پیاوان "رجالە قوامون علی نسا"(خاوەنایەتی پیاوان بەسەر ژنان) و... هەربۆیە دەبینین دین سەرچاوەی زۆرێک لە توندوتیژییەکانە کە ژن بە "ناموس"ی پیاو و پیاو بە خاوەنی ژن دەزانێت، پیاوان سەرترن لە ژنان دادەنێت، مافی لێدان لە ژن بە پیاوان دەدات و هەموو ئەوانەی بەڕوونی دیاری کردووە. هەڵبەتە شێوازی لێدان لە ژنانیش دەبێ زیاتر باسی لەسەر بکرێ، بەڵام هەر ئەوەی کە ئەوانە لەناو "نص صریع قرآن"دا هاتووە، خۆی ئیزن و حوکمێکە بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدرێت.

دواتر کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی پیاوسالار. عورفی و داب‌ونەرێتەکانی کۆمەڵگە زیاتر پیاوسالارانیە؛ واتە ئەگەر ژنێک ئازاد بێت کۆمەڵگە بەچاوێکی دیکەوە سەیری دەکات. کتێبێک هەیە لەژێر ناوی "زنان خوب بە بهشت می‌روند و زنان بد بە همەجا"، واتە ئەگەر بمانهەوێت باس لە کۆمەڵگە بکەین ئەم کتێبە یان هەر ئەو سەردێرە خۆی دەتوانێ نیشاندەری یاسای دژە ژن بێت کە ژنان چەندە لەژێر گوشارن و چەندە سنووردار دەکرێنەوە و دەبێ بەپێ خواستی کۆمەڵگە هەڵسوکەت بکەن کە ئەگەر وا نەبن تابۆیان شکاندووە و بەقەولی نیچە، فەیلەسۆفی بەناوبانگی ئەڵمانی ؛ "کەسێک کە تابۆ دەشکێنێت، لەئەنجامی شکاندنی تابۆ خۆی دەبێت بە تابۆ".

هەروەها لەبواری ئابوورییەوە، ژنان چاویان لەدەستی پیاوانە و سەربەخۆ نین؛ ئەمە وای کردووە کە ژنان بەهۆی بەستراوەیان بە گیرفانی پیاوان تووشی توندوتیژی ببن، بەتایبەتی لە ئێستادا کە دۆخی ئابووری کۆمەڵگە بەرەو خرابتربوون دەچێت  وگوشار و توندوتیژی لەسەر ژنان زیاتر دەبێتەوە.

دیسان لێرە جەخت لەسەر "نامووس" و "غیرەت" دەکەمەوە، کاتێک  ژنان بە "نامووس"ی پیاوان ناو دەبرێن، دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوان هەست بە خاوەندارییەتی ژنان بکەن و وابیربکەنەوە کە ژنان بەشێکن لە کەلوپەلی ئەوان کە دەبێ هەموو شتێکیان کۆنتڕۆڵ بکەن؛ لەم نێوەشدا کاتێک ئاگایی ژنان دەچێتە سەرەوە، کۆنتڕۆڵگەری پیاوان دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیەش لەم کاتە کێشەیەک دروست دەکات کە پیاوان ناتوانن لە بەرامبەریدا نەوەستن و هەست دەکەن کە سەروەری و گەورەیان دەکەوێتە مەترسییەوە و دەبێ بە هەر شێوازێک بووبێت ڕووبەڕووی ئەو کارە ببنەوە کە ئەوە دەبێتە هۆی توندوتیژی نێوانیان و شەر و ئاژاوە و دواتر کوشتن."

بەچاوخشاندنێک بە مێژووی خەباتی ژنان بۆمان دەردەکەوێت کە ژنان هەرکاتێک بۆ داخوازی مافەکانی خۆیان هاتوونەتە مەیدان و دەنگیان هەڵبڕیوە لەپیناویشیدا نرخیان داوە. هەر لە ژنانی ئامریکاوە بگرە کە بۆ بەدەست‌هینانی مافی دەنگدان لە مێژووییەکی زیاتر لە سەدساڵ‌دا قوربانیان داوە تاکوو دەگەینە ئەمڕۆ کە ژنان بۆ پێداگری لەسەر مافە تاکەکەسییەکانی وەک ستاندنی مافی جیابوونەوە، مافی کارکردن و دەیان مافی دیکە دەبێ نرخێکی زۆر تەنانەت بە ستاندنی گیانیان بدەن.

لێرەدا لە شیوا میرەکی دەپرسین بەئاگابوونی ژنان و گۆڕینی ڕوانگەیان چەندە کاریگەریی لەسەر پێداگری و چەسپاندنی مافەکانیان هەیە؟

شیوا میرەکی؛ "بەدڵنیاییەوە ئاگابوونەوەی ژنان خەریکە رۆڵێکی گرنگ لەو بوارەوە دەگێڕێت کە ژنان چیتر هەرجۆرە غەدر و هەرچەشنە پێشێلکردنی مافێک قەبووڵ نەکەن. رەنگە کەم بێت، بەڵام وردەوردە خەریکە بەئاگابوونی ژنان کاریگەرییان لەسەر دادەنێت کە هەرشتێک قەبووڵ نەکەن و تا ئەو جێگەیەی کە دەتوانن خۆیان بپارێزن و لەسەر مافەکانیان پێداگربن. لەم نێوەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی دونیای مەجازی توانیویەتی رۆڵێکی زۆر باشی بەپێچەوانەوەی دەسەڵات هەبێت کە لەهەوڵی کۆنتڕۆڵ‌کردن و پەروەردەی ژنان بە جۆریی خۆیەتی. بۆیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویەتی لەم نێوەدا دەرفەتێکی باش بۆ ژنان برەخسێنێت بۆ پەروەردەکردن و بەئاگابوونەوەیان کە خەریکی بە باشی دەچێتەوە پێشەوە و هەرچەندە لاوازە بەڵام دڵخۆشکەرە."

لەپەیوەندی لەگەڵ سێ ئاست لە هۆکارەکانی بوون و بەردەوامی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، واتە هۆکارە ڕیشەییەکان، هۆکارە پێکهاتەییەکان و هۆکارە پەرەپێدەرەکان کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا؛ ئەگەر بە وردەی لە کاریگەرییەکانی ئەو سێ ئاستە لە توندوتیژی بڕوانین دەگەینە ئەوە ئەنجامەی کە لە بەستێنی دەسەڵاتێکی هەڵاواردنخواز، خەسارەکانی وەک توندوتیژی لە بنەماڵەوە بۆ کۆمەڵگە و لە کۆمەڵگەوە بۆ بنەماڵە دەگوازرێنەوە. چونکە لە بنەڕەتدا لەلایەن سیستەمەکانی دەسەڵاتەوە کە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەیان بەدەستەوە نەتەنیا هەوڵ بۆ نەمانی هەڵاواردنی رەگەزی و خەسارەکانی نادرێت، بەڵکوو ئەگەر روانگەیەکی دژەژنی وەک ئێستای دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر ژن هەبوو، شاهیدی پێگەی ژێردەستی ژن و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی بەرامبەری دەبین، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی روانگەی دەسەڵات و سیستمە کارپێکەرەکانی لەگەڵ خواست و مافەکانی ژنان لە سەردەمی ئەمڕۆ یەک ناگرنەوە.

لەم بەشەدا شیوا میرەکی باس لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگە بۆ بنەماڵە و لە بنەماڵەوەی بۆ کۆمەڵگە دەکات.

شیوا میرەکی؛ "ژنکوژییەکان زیاتر کوشتن لەلایەن بنەماڵەیە، بەڵام لەژێر گۆشاری کۆمەڵگە ئەو کوشتنانە ڕوودەدەن، واتە ئەو گوشارەی کە پێکهاتەی کۆمەڵگەی(وەک توێ سەروو) دەیخاتە سەر ئەندامانی بنەماڵە(وەک توێ ژێروو) توندوتیژی لێدەکەوێتەوە؛ بۆ نموونە هەندێ جار دەبینین لە کۆمەڵگەدا، بنەماڵە کێشەیەکی لەگەڵ هەڵسووکەوتی ژن نیە، بەڵام کاتێک پیاوەکە(باوک، برا، هاوسەر و...) دەچنە ناو کۆمەڵگە و خەڵک لۆمەیان دەکات و گاڵتە و قسەیان پێ دەکەن، گۆشارێکی زۆریان دەخەنە سەر و کاتێک دەچنەوە ماڵ وادەکات ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بێتەوە. من وای بۆ دەچم کە هەموو کوشتنەکان سەرچاوەی لە کۆمەڵگەوە دەێت،  ئەویش کاتێک پێکهاتەی کۆمەڵگە ئەو گوشارگەلە دەخاتە سەر بنەماڵەکان. ئەگینا کوشتنی ژنان لەلایەن کەسانی دیکەوە(بێجگە لە بنەماڵە) کەمتر پێش دێت و رەنگە من ئاگاداریش نەبم."

بەچاولێکردنێکی خێرا بەکۆی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەپەیوەندی لەگەڵ ژنان بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە سیستەمی یاسایی ئێران ژن وەکوو رەگەزێکی "سەربەخۆ" بە رەسمی نەناسراوە، ئەمەش رێگەخۆشکەرە بۆ توندوتیژیی کە ئیزنی یاسایی هەیە. واتە سیستەمی یاسا یارمەتیدەری سیستەمی پیاوسالار و دابونەریتە دواکەتووەکانە، ئەمەش دیسکۆرسێکی "نامووس"ی لە ژن و مافەکانی لەناو کۆمەڵگە دروست دەکات. بۆنموونە مادەکانی ٣٠١، ٦١٢ ، ٦٣٠ یاسای سزادانی ئیسلامی بەڕوونی ئیزنی توندوتیژی و کوشتن بە ژنان دەدات. هەربۆیە یاساکان لە کۆماری ئیسلامیدا وەکوو هۆکارە پێکهاتەییەکان لەپاڵ هۆکارە ڕیشەیی و پەرەپێدەرەکان خولێکیان لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان پێک هێناوە.  

ڕۆڵی یاساکان لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی ژنان چۆن دەبینن و پێتان وایە بەو ئاسانکارییەی یاساکانی ئێستا بۆ ژنکوژی کردوویانە دەتوانرێت پێش بە ژنکوشتن بگیرێت یاخود کەم بکرێتەوە؟

شیوا میرەکی؛ "یاسا بەڕاستی دەتوانێت کاریگەر بێت. بۆ نموونە ئەگەر باوکێک کچەکەی بکوژێت، بە پێی یاسا چونکە کچییەتی هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ دروست نابێت و بەئاسانی لەسەری دەگوزرێت. واتە کۆمەڵگە و بنەماڵە و یاسا بە ئاسانی لەسەری دەگوزەرێت. تەنانەت پاساویشی بۆ دێننەوە و یاساش پشتیوانی ئەو باوکە بکوژە دەکات و وادیارە کە کوشتن کارێکی ئاسان دەبێت. بۆیە یاسا زۆر گرنگە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتە و یاساکانی ئێران پیاوسەروەرانەیە و ئیزنی کوشتنی ژن بە پیاو دەدات و پاساویشی بۆ دەهێنێتەوە. وەک ئەوەی دەڵێن کوشتنی "نامووس"ی، واتە لەژێر ناوی نامووس پەرستی و پیاوسالاری دا پیاو دەپارێزێت و پێ دەسەلمێنن کە مادام تۆ باوکی ئەو کچەیەت، ئەگەر هەڵەیەکی کرد مافی ئەوەت هەیە کە بیکوژیت.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەداخەوە وەک شوێنەکانی دیکە ژنکوژی هەیە و من هەرچەندە ئامارێکی ڕوونم لەبەردەست نیە، بەڵام ئەوەی کە دیارە وای بۆ دەچم کە ژنکوژییەکان زیاتر لە پەراوێزی شارەکان و دێهاتەکاندا ڕوودەدات و لەناو ژنانی خوێندەوار بە بەراورد لەگەڵ ژنانی نەخوێندەوار کەمتر دەیبینین. ژنان و پیاوانی خوێندەوار وادیارە کەمتر بەهۆی بواری ئابووی کۆمەڵگە، شێوازی ژیان، چۆنیەتی ژیان کردن واتە ئەگەر لە خوارەوەی شارەوە بیت گوشار کۆمەڵگە لەسەر تۆ زیاترە تا کاتێک کە لە باڵا سار بیت. باڵآ شارکەس کاری بە کەسەوە نیە لە شاری گەورەتر کەمتر کەس کاری بە کاری کەسی دیکەوە هەیە بەڵام لە شاری بچووک کاریان بە کاری یەکتریەوە هەیە و کۆمەڵگەی کوردیش بەهۆی ئەوەی کە زیایت کۆمەڵگەیەکی بچووکە و لەناو یەکتری تێکەڵاون بۆیە رەنگە کوشتنەکان زایتر بێت و هەم بواری ئابووەی کۆمەڵگە لەژێر گوشارەوەیە و لە دۆزی نالەباردایەو ئەوە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن هۆکارێکی دیکەش هەر ئەو نەخوێندەوارییە کاتێک کەسەکان خوێندەوار بوون هەوڵ دەدەن کە مافی یەکتری بپارێزن و تاڕادەیەک یەکسانی بێتە پێشەوە ئەگەر بە تەواوەتیش نەبێت بەڵام هەر باشترە کە دروست دەکرێت.

ژنانی کوردستان بەتایبەتی لە شارەکانی سنە و مەریوان مێژووی خەباتێکی مەدەنی پێشکەوتووانەیان تا بەئەمڕۆ هەبووە. لە پەیوەندی لەگەڵ ژنکوژیشدا هەر لە ساڵەکانی ٨٧ەوە بە پێک‌هینانی کۆمیتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، خۆپێشاندان و نارەزایەتی لە رێورەسمی ناشتنی ژنانی کوژارو تا هەوڵە مەیدانەیەکانی ئەمڕۆ بۆ مەحکووم‌کردنی کوشتنی ژنان و دەرکردنی راگەێندراو(کە لە کوردستان بەبەراورد لەگەڵ هەموو شوێنێکی ئێران زیاترە). هەروەها دەبینین رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گرنگی زیاتر بە پرسی توندتیژی دەدەن و بەگشتی دژکردەوەی رای گشتی بۆ ژنکوژییەکان زیاتر بووە. دیارە ئەوە کارانە کافی نیە، بەڵام کاتێک سیستەمی دەسەڵات خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەدزێتەوە، بگرە پەرەشی پێ دەدات؛ دەبێت دژکردەوە بۆ کوشتنی ژنان ببێتە پرسێکی گشتی کۆمەڵگە، نەک تەنیا پرسێکی تایبەت بە ژنان کە خۆیان دەبێ کاری بۆ بکەن.

شیوا میرەکی لەو بوارەوە باس لەوە دەکات؛ لە کۆمەڵگەی کوردی هەوڵ بۆ بەرابەری رەگەزی زۆر زیاترە، بۆ نموونە دەبینین لە کۆمەڵگەی فارسدا ئەنجوومەنەکان بە هەموو هێز و دەست‌ئاوەڵەیی ئابوورییەوە بە بەراورد لەگەڵ کوردستان کەمتر هەوڵ بۆ یەکسانی دەدەن و ئەمانەش هەموو  پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە و من خۆم لێکۆڵینەوەیەکی بەوشێوەیەم لەو بوارەوە نەدیوە کە بتوانێت ئاماژە بەو سەرچاوەگەلە بکات کە رێژەی کوشتن لەم ساڵە یان لەم مانگە زیاتر بووە و هۆکارەکەی ئەوەندە دەرسەد هەڵاوسان بووە یاخود ئامارەکانی ژنکوژی بەهۆی خوێندەواری کۆمەڵگە هاتۆتە خوارەوە. ئەمانەش داتاگەلێکن کە دەبێ لەسەریان لێکۆڵینەوە بکرێت و و نابێ هەروا لەسەری قسە بکەین بەڵام شتێکە کە خمان دەتواننین ئاماژەی پێ بکەین."

 

دەبێ بوترێ ڕووبوڕووبوونەوەی جیدی لەگەڵ خەسارەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکی ئەمڕۆییدا پێویستی بە پلاندانانی گشتگیر و هەوڵی ستراتژی هەیە کە لە ئەستۆی حکوومەتەکانە، چونکە سیستەمەکانی کۆمەڵگە وەکوو کەرتی یاسا، پەروەردە، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی بەدەست دەسەڵاتەوەیە، بەڵام لە وڵاتی ئێران بەهۆی ئەوەی میکانیزمێکی وابوونی نیە، تەنیا رێگە کە دەمێنێتەوە کۆمەڵگەی مەدەنییە. بۆیە دەبێت بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ببێتە بابەتێکی گشتی کۆمەڵگە. بۆیەش گرنگە هەوڵەکانی (نارەزایەتی، راگەێندراو، حەرەکەتە مەیدانییەکان، هەوڵە ئاگایی بەخشەکان و...) بەردەوامیان هەبێت تاکوو هەستیاری بەرامبەر توندتیژی دژی ژنانی ببێتە پرسێکی گشتی و تاکەکانی کۆمەڵگە لەبەرامبەریدا هەست بە بەرپرسیاتی بکەن.  

شیوا میرەکی بۆ بەردەوامیی ئەو هەوڵانە و کاریگەرییان پێی وایە؛ "لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەنجوومەنەکان، رێکخراوەکان و... دەبێ ژنان و پیاوان ئاگا بکەنەوە، چونکە هەر چەشنە هەنگاوێک بۆ یەکسانی ئەگەر تەنیا لەلایەن ژنەوە بێت سەرکەوتوو نابێت و پیاوانیش دەبێ لەو نێوانەدا شانبەشانی ژنان ئەو رۆڵە لەئەستۆ بگرن، بۆ ئەوەی تاکەکان هەوڵ بدەن خۆیان بدۆزنەوە و مافەکانیان بناسن و مافی یەکتریش بپارێزن."

 

ئاماری ژنکوژی لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا بە پێویست زانرا ئاماری ژنکوژی لە ئێران لە سەرەتای ساڵی١٤٠١ بە پشت‌بەستووە بە ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا بڵاو بکرێتەوە؛

  • بە پێی ئامارەکانی کوردپا لە سەرەتای ساڵەوە ٢٦ژن لە ئێران کوژراون. هەروەها ٢ژن لەئەنجامی هەوڵ بۆ کوشتن بریندار بوونەوە.
  • ٣ کەس لەو ژنانە تەمەنیان لەخوار ١٨ساڵ بووە.
  • ٣کەس لەو ژنانە لە تەمەنی خوار ١٨ساڵی ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە.
  • لەو ٢٨ حاڵەتە، ٦ژن کورد، ٢ژن گیلک، ٢ژن تورک، ١ژن عەرەب، ١ژن بەلوچ، ١ژن ئەفغان و ١٤ ژنەکەی دیکە لە شارە فارس نشینەکان‌بوونە. 
  • لەو ٢٨ حاڵەتە ٦حاڵەت کوشتنی بنەماڵەیی بووە واتە بەهۆیەوە ١٠کەسی دیکە لەوانە خوشک و دایک بە زۆرترین رێژە لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی ژنەکە کوژراو بریندار بوونە.
  • ٣کەس لە بوکوژەکان دوای کوشتنی ژنەکان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ٢بکوژیش هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.
  • ٢١ حاڵەت لەو کوشتنانە لەلایەن راگەیەندراوە حکوومەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و ٢٠ بکوژیش دەستبەسەر کراون.

 

رێژەی کوشتن بە پێی پارێزگاکان؛

  • فارس و خوراسانی رەزەوی؛ هەرکام ٤ژن
  • تاران و ئازەربایجانی غەرەبی؛ هەرکام ٣ژن
  • ئیلام و گیلان؛ هەرکام ٢ژن
  • قوم، مازەندەران، سیستان و بەلووچستان، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، ئەلبوورز، خۆزستان، کرماشان، سنە و خوراسان؛ هەرکام ١ ژن
  • هەروەها یەک ژنی کورد خەڵکی سەردەشت لە هەرێمی کوردستان کوژراوە

 

شیوازی کوشتنی ئەو ژنانە؛

  • بە چەقۆ؛٩ژن
  • بە چەک؛ ٧ژن
  • بەشێوەیە خنکاندن؛ ٦ژن
  • لەرێگەی ئاگرتێبەردان؛ ٢ژن
  • بە میلەی ئاسن و چەکوچ؛ ٢ژن
  • بەرێگەی خستنەژێر ماشین؛ ١ژن
  • نادیار؛ ١ژن

کوشتن لە لایەن چ کەسانێکەوە؛

  • هاوسەر؛ ٢١ژن
  • باوک؛ ٢ژن
  • برا، هاوسەری پێشوو، دەزگیران، کوڕ، برای هاوسەر؛ هەرکام ١ژن

هۆکارەکانی کوشتن؛

  • کێشەی بنەماڵەیی؛ ١٤ حاڵەت
  • خوازیاری جیابوونەوە؛ ٤ حاڵەت
  • کێشە لەسەر سامان، بەگومانی پەیوەندی لەگەڵ کەسی‌‌تر و نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر خەیانەتی هاوسەر؛ هەرکام ٢حاڵەت
  • پاشەکشە لە هاوسەرگیری لەگەڵ دەزگیران، نارەزایەتی بەرامبەر بە هەژاری و شێوازی جیاوازی ژیان؛ هەرکام ١ حاڵەت
  • نادیار؛ ١ حاڵەت

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە