بازاڕیانی جوانڕۆ بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە داخرانی سنوورەکان، سفرەی خاڵیان بڵاو کردەوە

15:11 - 27 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی بازاڕیان لە شارەکانی بانە و جوانڕۆ، بە نیسبەت داخرانی سنوورەکان درێژەی هەیە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، مانگرتنی بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە هەمبەر ناڕەزایەتی دەربڕینی داخستنی سنوورەکان پێی نایە دووهەمین ڕۆژ و بازاڕیان داوای پێڕاگەیشتنی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ داواکارییەکانیان دەکەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بازاڕیانی ئەو شارە بە ڕاخستنی سفرەی خاڵی و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئاشتییانە درێژە بە مانگرتنەکەی خۆیان دەدەن.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەدا دەڵێت: بازاڕیانی بانە مانگرتنی گشتیان لەو شارە ڕاگەیاندووە و هێزەکانی دژی شۆڕش بۆ پێشگیری لە کۆبوونەوەی بازاڕیان لە بەرانبەر پاساژەکانی ئەو شارە جێگیر کراون.

ڕاخستنی سفرەی خاڵی، هەوڵێکی نوێی مەدەنیانییە لە شارەکانی بانە و جوانڕۆ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر بێکاری، داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و نەبوونی سەرچاوەیەک بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک لە لایەن \"کەمپەینی نان\" ئەنجام دراوە.

هەتا ئێستە بەرپرسانی حکوومەتی، بە نیسبەت مانگرتنی بازاڕیانی بانە و جوانڕۆ هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەداوە و لەو پەیوەندییەدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

گوزەران و ژیانی زۆربەی شارە سنوورییەکانی کوردستان، بە سنوورەکانەوە بەستراوەتەوە کە ماوەیەکە بە هۆکاری نادیار داخراون.