بازاڕچەی \"کوزە رەش\"‌ی سەڵماس، گرێ‌کوێرەی بازرگانی نێوان ئێران و تورکیە

15:01 - 26 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: داخرانی بازاڕچەی سنووریی \"گۆزە رەش\"ی سەڵماس بۆتە هۆی دروست بوونی کێشەی بازرگانیکردن لەنێوان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و تورکیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، داخرانی ٢٢ ساڵەی بازاڕچەی سنووریی \"گۆزە رەش\"‌ی سەڵماس پردی ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیەی پچڕاندووە و لەو ماوەیەشدا زۆر هەوڵ دراوە کە ئەو خاڵە سنوورییە چالاک بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان لەو پێوەندییەدا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

ئەو بازاڕچەیە، شاری سەڵماس بە شاری \"گلینجک\"‌ی تورکیە دەبەستێتەوە و ساڵی ١٣٦٩ بە مەبەستی بازارگانیکردن دروست کراوە و دوای یەک ساڵ لەدەست بەکار بوونی داخرا.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردبۆوە، دوای چەندین جار دانیشتن و پێکهێنانی کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی ئێران و تورکیە، بڕیار بوو بازاڕچەکە ساڵی ١٣٨٣ بکرێتەوە و بازرگانیکردنی تێیدا ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بازاڕچەیە سەرەڕای ئەوەی کە نەکرایەوە، بەڵکوو خەساری گەورەشی بە پێوەندیی بازرگانی نێوان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و تورکیە و خەڵکی بێکاری ناوچەکە گەیاندووە.

ساڵی ١٣٨٥ \"عەماری\" فەرمانداری ئەو کاتی سەڵماس لەکۆبوونەوەیەکدا بەڵێنی بەخەڵکی دابوو کە بە زووترین کات بازاڕچەی گۆزە رەش دەکرێتەوە و خەڵکی دەتوانن لێی سوودمەند بن.

ساڵی ١٣٨٨ یش ئوستانداری ئەوکاتی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەناوی \"رەحیم قوربانی\" بەڵێنی هاوچەشنی \"عەماری\" بە خەڵکی سەڵماس و ناوچەکە دابوو، بەڵام بەڵێنییەک کە بەوتەی کاسبکارانی ئەو بازاڕچەیە، هەتا ئێستاش وەدی نەهاتووە.

لەلایەکی دیکەوە هاشم سەید ئەحمەدی بەرپرسی ئیدارەی گومرکەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا نیگەرانی خۆی لەو دۆخەی ئێستای بازارچەی گۆزە رەش دەربڕیبوو و راشیگەیاندووە، پێوەندیی بازرگانی نێوان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و تورکیە لەئاستێکی زۆر نزم دایە.

ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا نزیک بە ٨٠٠ کیلۆمیتر سنووری زەمینی هاوبەشی لەگەڵ شارەکانی \"قارس، وان، ئیغدیر، دیاربەکر (ئامەد) و ئاغری تورکیە هەیە و بازارچەی \"گۆزە رەشی سەڵماس وەکوو شوێنێکی ستراتیژیکی بۆ ئێران و تورکیە دێتە ئەژمار.

بازاڕچەی گۆزە رەش لە ٤٠ کیلۆمیتری شاری سەڵماس هەڵکەوتووە و لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە هێچ کاروبارێکی بازرگانی تێدا ئەنجام نەدراوە.