بازاڕچەی جوانڕۆ دوای چوار ساڵ بەڵێنی، هێشتا بەردی بناغەی دانەنراوە

15:25 - 19 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند ساڵێکە کە خەڵکی شارستانی جوانڕۆ چاوەڕوانی دروستکردنی بازاڕچەیەکی تازەن، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیک بە چوارساڵ هێشتا ئەو پڕۆژەیە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار ساڵ لەمەوبەر بەرپرسانی شاری جوانڕۆ هەواڵی دروست کردنی بازاڕچەیەکی ٧٠٠ دووکانیان بە کاسبکاران و بازاڕیانی جوانڕۆ دا و بڕیاریش بوو ئەو موجتەمەعە لەماوەی یەک ساڵدا تەوا بکرێت.

فەرمانداری ئەو کاتی شارستانی جوانڕۆ رایگەیاندبوو، ئێمە ٢٢٠ میلیارد \"ریال\" بودجەمان بۆ ئەو پڕۆژەیە داناوە و بەو کارە هەنگاوێکی گرینگ لەچوارچێوەی خزمەت بە هاووڵاتیانی جوانڕۆدا هەڵدەگرین.

دوای تێپەڕنی نزیک بە چوار ساڵ هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری \"\"عەزیمی\" فەرمانداری نوێ‌جوانڕۆوە بڵاو کردۆتەوە، ئەو پڕۆژەیە کێشەیەکی زۆری هەیە و تەنانەت دوای چوار ساڵ مۆڵەتی دروست کردنی شارەوانیشی بۆ وەرنەگیراوە و پڕۆژەکەش دراوە بە کەرتی تایبەت.

بەوتەی بازاڕیانی جوانڕۆ، کۆمپانیا بەڵێندەرەکان نزیک بە ٤٠٠ دووکانی ناو موجتەمەعەکەیان پێش فرۆش کردووە و ١٢ میلیارد تمەن پارەیان لە دووکاندارەکان وەرگرتووە و هەتا ئێستاش هیچ دووکانێکیان دروست نەکردووە.

لەو بارەیەوە نوێنەری شارەکانی پاوە و هەوارمانات لە مەجلیس، رایگەیاندووە، شارەوانیی و زۆر ناوەندی دیگە لەو پڕۆژەیەدا تاوانبارن و دەزگاکانی دەوڵەتیش زۆر کەمتر خەم بوونە و بەرگرییان لەمافی هاووڵاتیان نەکردووە.