بارینی تەرزە ٧٥٠ میلیارد تمەن زەرەری بە وەرزێرانی پارێزگای ورمێ گەیاندووە

15:23 - 10 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بارینی تەرزە و هەستانەوەی لافاو لە پارێزگای ورمێ، کشتوکاڵی وەرزێران زیاتر لە ٧٠٠ میلیارد تمەن زەرەریان بەرکەوتووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیسنا\" بەشی پارێزگای ورمێ، لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی ئەو پارێزگایە بڵاوی کردەوە، بە هۆی بارینی تەرزە، کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە ٧٥٠ میلیارد تمەن زەرەری بەرکەوتووە.

ئەمیرعەباس جەعفەری ڕایگەیاند: لافاو و سەرمابردووی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خانووبەرە و ڕێگاکان خەسارەتی پێک هێناوە و زۆرترین خەسارەتیش وەبەر بەشە کشتوکاڵییە کەوتووە.

بە وتەی ناوبراو، ٧٥٠ میلیارد تمەن لە بەشی کشتوکاڵی، ١٠ میلیارد تمەن لە بەشی خانوبەری شار و گوندەکان، ٦ میلیارد تمەن ڕێگاوبانەکان و ٣ میلیارد تمەنیش بەشی ئاو و کارەبا و گاز زەرەریان وەبەر کەوتووە.

سەرەڕای خەسارەتی بەرچاو بە کشتوکاڵ و خانوبەرە و ڕێگاوبانەکان لە پارێزگای ورمێ، بەرپرسانی حکوومەتی کەمترین قەرەبووی زەرەر بۆ هاووڵاتییان لەبەرچاو دەگرن.