بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ژنانی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ گوڵاڵە وەتەندووست + گێڕانەوەی ڕووداوی کوشتنی دوو ژن

بارودۆخی ژنان لە ئێران و کوردستان، لەڕووی یاسایی، کۆمەڵایەتی‌، ئازادی و مافەکانیان نالەبار و لەژێر هەرەشەدایە و هەر قەیران و پێشهاتێکیش ئەو بارودۆخە بۆ ژنان دژوارتر دەکات. 

لە لایەک، دابونەریتە دوواکەتووەکان هەروا بەهێزەوە ماف و ئازادیی ژنان دەخەنە مەترسییەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سیستەمێکی فەرهەنگی و ئامووزشی و یاساییی تۆکمە و کاریگەر بۆ فەرهەنگسازیی درووست لە ئارادا نییە؛ لە لایەکی تریشەوە، یاساوڕێساکانی حکوومەتی ئێران نەک تەنیا لەسەر بنەمای بەرابەری رەگەزی دانەمەزراون، بەڵکوو خۆیان پێشێلکاری سەرەکیی مافەکانی ژنانن و  بگرە پەرەشیان بە فەرهەنگی دژەژن لە کۆمەڵگا داوە و ژنان لەبواری یاساییەوە هیچ پشتیوانی‌ و ڕێکارێک بۆ دابینبوون و دەستەبەربوونی مافەکانیان نابینن. 

لە هەمان‌ کاتدا، کۆمەڵگا هەمیشە کەسانێک بەتایبەت کۆمەڵێک ژنی تێدا بووە کە گرینگیان بە پرسی ژن‌ و مافەکانیان داوە و لەو پێناوەشدا لە هەوڵدان بەردەوامن. وەک چۆن لە ئێستادا خواست‌ و داخوازییەکانی ژنان لە ئێران و کوردستان بەڕوونی لەلایەن چالاکانەوە بەرجەستە دەکرێت و هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنیان درێژەی هەیە. 
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لەم ڕاپۆرتەدا، وتووێژی لەگەڵ یەکێک لەو چالاکانە بەناوی گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەر و چالاکی مافی ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵات کردووە کە لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە کار لەسەر مەسەلەکانی ژنان و بارودۆخی کۆمەڵایەتییان لە کوردستان دەکات.

ئەم پارێزەرە کوردە، وێڕای باسکردنێکی ورد لە بارودۆخی ژنان‌ و ئەو کێشە و گرفتەکانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەنێوان قسەکانی‌ و وردبوونەوە لە مەسەلەکان دەپەرژێتە سەر دوو حاڵەتی کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی "نامووس" لە شاری مەریوان.  
 
گوڵالە وەتەندووست، بە ئاوڕدانەوە لە هەڵکەوتی جوغرافی و سیاسیی کوردستان، هۆکارەکانی بەردەوامیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان لە کوردستان بەم شێوەیە باس دەکات؛

هەروەک دەزانین، کۆمەڵگای کوردی تا ڕادەیەک داخراوە و بەهۆکاری جوغرافیایی‌ و سیاسییەوە پەیوەندییەکی ئەۆتۆی لەگەل باقی وڵاتاندا نییە؛ ئەمەش بۆتە هۆکاری باڵادەستیی کلتوور و دابونەریتە کۆنەکان، وەک چۆن شێوازی کەیخوایی و ریش‌سپیێتی تا ئێستاش دەبیندرێت و کێشەکان لە ڕێگەی دانیشتنی نێو دیوەخان و بنەماڵە چارەسەر دەکرێن‌ و تائێستاش کە لە سەردەمی نوێ‌داین ئەو فەرهەنگە هەر کاری پێ دەکرێت و لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خێزاندا باوەڕیان بە دادگا و دادوەری نییە؛ هەڵبەتە ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی بندەستە و سەربەخۆ نییە باسێکی دوورودرێژە کە لەم بابەتەدا جێگەی نابێتەوە.

هەروەها پێویستە بوترێ ژنان لە ئێستاشدا  وێڕای بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی کۆمەڵگای سوونەتی وەک دابینکردنی خۆراک و ئیش‌ و کاری ناو ماڵ و تەنانەت مەزرا و دەرو ودەشت، ئەرکەکانی سەردەمی پیشەسازی‌ و تەکنۆلۆژیاشیان هاتۆتە سەرشان، لەوانە: ئەرکی پەرستاری‌، موهەندیسی، پزیشکی، کارمەندیی، دوکانداری، پارێزەریی، مامۆستایی‌، ئارایشگەری‌ و... بەتایبەت کە ژنانی چەوساوەی لادێ ئەرکێکی زۆریان لە سەرشانە. 

لێرەدا خاڵی گرینگ ئەمەیە کە، ژنان سەرەڕای ئەو ئەرک‌و زەحمەتانە، رۆڵی ژێردەست دەگێڕن‌و هەمیشە پیاوانن کە قسەی یەکەم دەکەن؛ بۆ نموونە پیاو بە ئیشەکانی مامەڵە و کارە گرینگەکان هەڵدەستێت‌ و تەنانەت ئەگەر ژن لە بواری ئابووری‌ و لە کارە جێگیرەکانی وەک مامۆستایەیی و مووچە‌خۆری و کارمەندیش سەربەخۆ بێت، دیسانەوە پیاو دەبێت بە چاودێری سامان‌ و بڕیارەکانی؛ وەک ئەوەی هیچ ژنێک نەتوانێت لە بواری ئابووری سەربەخۆ بێت‌ و باوەڕی بەخۆی هەبێت. 
 
ستەم بۆ سەر ژنان لە سیستەمی سەرمایەداریی دونیای مۆدێرنی ئەمڕۆدا و لەکاتی قەیران‌ و هەڕەشەکانی وەک کۆرۆنا و گرانیش دیوێکی دیکەی مەسەلەکەیە. هەروەک چۆن ئاماری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژنان لە زۆربەی وڵاتاندا ڕووبەڕووی گوشار و بارودۆخێکی قورس بوونەتەوەو بەهۆی بێکاری و داخرانی کارگەکان، ژنان گرووپی یەکەم بوون کە لەسەرکارەکانیان دەرکران و ئەمەش بۆ ئەو بیر کۆنە دەگەڕێتەوە کە پێی وایە ژنان لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە بەخێو دەکرێن و پێویستییەکی ئەوتۆیان بەکار نییە. 

هەروەها لە سەردەمی کۆرۆنادا، ژنان بە ناچاری زیاتر لە پێشوو لە ماڵەوە مانەوە، لەلایەک لە مافی سەرەتایی و بچووکی وەک هاتوچۆی خزم‌ و دەستە خوشک‌ و هاوڕێکانیان بێبەری بوون و  لە لایەکی‌تریشەوە بەهۆی نەبوونی بنکەی راوێژکاری‌ و حەوانەوە کە ئەرکی دەسەڵاتە دابینی بکات بە ڕێژەیەکی زۆر ڕووبەڕووی کێشە دەروونییەکان بوونەوە.
هەر بۆیە ئەم دۆخە دەروونییە، وێڕای بێکاری‌ و گرانی لەڕادەبەدەر‌ و... زۆربوونی کێشە خێزانییەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. 

هەروەها لەم بارودۆخەدا، کاریگەریی نەبوونی سیستەمی پەروەردەی درووست بۆ چارەسەریی کێشەکان بە ڕوونی دەردەکەوێت‌ و لە دەرنجامدا نواندنی توندوتیژی بە شێوازی جۆراوجۆر دەبیندرێت کە نەبوونی ناوەند و رێکخراوە حکوومی و ناحکومییەکانیش بۆ یارمەتیدان لەو کاتانەدا بۆتە بەربەستێکی جیدی بۆ چارەسەرکردنی  کێشەی نیوان تاکەکانی کۆمەڵگا. 
 
لەم بەشەدا ئەم پارێزەرە کوردە، وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەرنەبوونی ناوەندێک بە ناوی "شۆرای حەلی ئیختلاف" لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، باس لە عەقڵییەتی باڵادەستیی پیاوساڵاریش لە کۆمەڵگادا دەکات کە ئەنجامەکانی تا توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنیان پەل دەهاوێژێت؛

ماوەی دە ساڵە  "شۆرای حەلی ئیختلاف" بە دەرجەیەک کەمتر لە دادگا، واتە وەکوو دادگایەکی خۆماڵی دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووە؛ چونکە ئەم شۆرایە پەیڕەوی لە کلتووری ڕیش‌سپێتی دەکات‌ و ناتوانێ لە ماف‌ و داخوازییەکانی ژنان تێبگات ‌و دەتوانین بڵێین ئەم شۆرایە هەر هەمان دیوەخانی پێشوویە و تەنیا ڕواڵەتەکەی گۆڕاوە. چونکە مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە ژنان پێویستی بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و تێڕوانینی یەکسان‌ و زانستییانە هەیە. بەڵام شۆرا پەنا دەباتە بەر ڕێگای دواکەتووانە‌ و دژەژن‌ و لەژێرکاریگەری ئەو عەقڵییەتەدایە کە ژن بە بوونەوەرێک دەزانێ وەک بڵێی تووندوتیژی بەباڵای بڕاوە، لە جیاتی بنبڕکردن یان لانیکەم کەمکردنەوەی تووندوتیژی دژی ژن !!ئەمەش درێژەدەری هەمان فەرهەنگە کە توندوتیژی دژی ژنان ئاسایی دەبینێت نەک وەک قەیران و کارەساتێکی نامرۆڤانە!!

هەر بۆیە، لە کاتی ئیختلاف‌ و کێشەی خێزانی، گوشار دەخەنە سەر ژنان کە قبووڵی هەموو کێشەو توندوتیژییەک بکەن‌ و بگەڕێنەوە لای هاوسەر و منداڵەکانیان، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەک لە ڕەفتاری هاوسەری ژنەکە رووی دابێت؛ هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شۆرا زیاتر  بیر لە داخستنی دۆسیەکان‌ و ئاماری بەحیساب سوڵح‌ و ئاشتی دەکات نەک مەسەکانی ژنان.

لە لایەکی تریشەوە، هەر بە هۆی ئەو عەقڵییەتە پیاوسالارەوە، ژن بە خاوەنی کەسایەتی نازانن و ئیزن نادەن خۆی بڕیار لە سەر ژیانی خۆی بدات، واتە بەکوردی‌ و کورتی پیاو پێی قەبووڵ ناکرێت ژن داوای مافی تەڵاق بکات، چونکە هەست بە کەمی دەکات. 

دەتوانین بڵێین ئەو ململانێیە وەکوو بەرەکانی شەڕی لێ‌دێت کە هەر لایەک هەوڵ دەدات لایەنی بەرانبەر ببەزێنێت؛ لەم نێوانەشدا دوو بنەماڵە و چەند منداڵیش تووشی ناڕەحەتی‌ و خەم‌ و ئازار و دڵ سووتان دەبن!!

لەم کاتەنەدا و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا، پیاو لەجیاتی ئەوەی دان بە هەڵەکانیدا بنێت‌ و بەدوای چارەسەر بۆ بابەتەکەدا بگەڕێت؛ ئەکەوێتە گێژاوێک‌ و بەهۆی ئەوەی پەروەردەکەش ناتەواوە، وا هەست دەکات ئەگەر بە قسەی هاوسەر یان هاوژینەکەی بکات دۆڕاوە و لە پیاوەتیشی کەم بۆتەوە؛ هەربۆیە دەست دەکات بە هەڕەشە و گوڕەشە و ئەکوژم و ....
 
("شۆرای حەلی ئیختلاف" یەکێک لەو ناوەندانەیە کە لە ژێر چاودێریی دەسەڵاتی دادوەریی ئێراندا چالاکی دەکات و لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ دا بەتێکەڵ بوون لەگەڵ ناوەندی داوەری، بوو بە ناوەندی گەشەپێدانی چارەسەریی کێشەکانی وڵات.) 
 
ئەم چالاکەی مافی ژنان لەم بەشەدا وێڕای ئاماژەدان بە زۆربوونی حاڵەتەکانی ژنکوژی لە کوردستان لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دیاردەی تەڵاق، بە گێڕانەوەی دوو حاڵەتی ژنکوژی لەماوەی ٢ تا ٣٠ ساڵی ڕابردوو، باس لە ونبوون و نادیاریی ئەو دۆسیانە دەکات؛ 

ئەگەر زۆربەی حاڵەتەکانی ژنکوژی لە ماوەی دووساڵی ڕابردوو باس بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەموو حاڵەتەکاندا، ژنەکە تۆراوە و ماڵی بەجێهێشتووە و داوای مافەکانی خۆی کردووە. بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو ژنێک‌ و پارێزەرە ژنەکەی لە بەردەم دادگای کرماشان تەنیا بە هۆکاری ئەوەی کە ژنەکە داوای وەرگرتنی یاسایی جەهیزیە و کەرەستەکانی ناوماڵی کردبوو، خۆی و پارێزەرەکەشی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە  کوژران. 
 
راستییەکی تاڵ ئەوەیە کە لە ڕابردووشدا، پیاوان دەستیان داوەتە کوشتنی ئازیزترین کەسیان وەک  کوشتنی خوشک‌، کوشتنی هاوسەر، کوشتنی  برازا، کوشتنی خوشکەزا و کوشتنی کچەکەیان، بەڵام لە ۳٠ی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی دەزگای هەواڵدەری‌ و ئینتێرنێت‌ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو هەواڵانە ون بوون و تەنیا لەوانەیە لە ڕۆژنامەیەکی بێ‌ناونیشان یان حەفتەنامەیەک وەک هەواڵێک لە بەشی ئەستوونی رووداوەکاندا زۆر بە بچووکی ئاماژەی پێ کرابێت، کە بە دەیان نموونەی هاوشێوەیان من خۆم لێیان ئاگادارم. 
 
گێڕانەوەی کوشتنی کچێک لەلایەن باوکییەوە بە بیانووی "شەرەف" لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا؛

بیرم دێت کاتێک لە پۆلی ٨ی سەرەتایی بووم، دایکم دەیگوت: "عەبە شەل" حەوت کچی هەیە و یەکێک لە کچەکانی خۆی کوشتووە. 

من پرسیارم دەکرد بۆچی کوشتوویەتی دایەگیان دەیگوت؛"ڕۆڵە هۆشی حەیا و شەرەفی خۆتان بێت، لەسەر ئابڕوو کووشتوویانە". 

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بەدوای ماڵی کاک عەبدوڵڵا، ناسراو بە "عەبە شەل" گەڕام؛ بەڵام بەداخەوە نەمتوانی ناو و وێنەی کچە کوژراوەکەی بەدەست بێنم. 
 
هەروەها کاتێک خەڵک سەردانی نووسینگەکەشم دەکەن، لە باسەکانیاندا زۆر جار ئاماژە بە ڕوودای ناخۆش دەکەن، وەک؛ خۆکوژی خوشکێکیان یان کوشتنی ژنێک لە ئاوایی‌ و گوند و لادێکان. 
 
گێڕانەوەی کوشتنی ژنێک لەلایەن براکانیەوە بە بیانووی "ناموس"، پێش سی ساڵ بەر لە ئێستا؛ 

پاییزی پێرار ، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵان کە بۆ ڕاوێژکاری یاسایی سەردانی نووسینگەکەمی کردبوو، باسی لەوە کرد کە دایکی بەدەستی سێ خاڵۆی لە ئاوایی "بەیەڵە"ی مەریوان کوژراوە. 
"مریەم"، ناوی ئەو ژنەیە و کاتێک دەکوژرێت دایکی سێ منداڵی ساوا و شیرخۆرە بووە و لە ئێستادا، منداڵەکانی بەدواداچوون بۆ مەرگی دایکیان دەکەن. 
وێنەیەک لە "مریەم" بەجێ‌ماوە؛ بەڵام مەرگی مریەم زۆر تراژیکە. 

شایەت‌حاڵانی ئەو رووداوە باس لەوە دەکەن کە "ئەحمەد" برای "مریەم" خۆی تێکەڵ بە  ڕەوشتی ناشیرین دەبێت‌ و بۆ پاساوهێنانەوەی کردارەکانی خۆی داوا لە مریەمی خوشکی دەکات کە بڵێت فڵان پیاو تەعەدام لێدەکات‌ و وازم لێ ناهێنێت، بەڵام مریەم بەوە ڕازی نابێت و دەڵێت من ناتوانم تۆمەت لە کوڕی خەڵک بدەم. 

خەڵکی ئاوایی "بەیەڵە" دەیگێڕنەوە کە مریەم بێ‌تاوان بووە و تووشی برایەکی خراپ بووە و لە کۆتاییدا بەم هۆیەوە بۆتە قوربانی. 

لە رۆژی رووداوەکەدا، "ئەحمەد" و "مەحموود"، مریەم دەبەن بۆ نێوان ئاوایی "بەیەڵە"و "بەرقەڵای" مەریوان‌ و لەشوێنێک کە بە "چاڵەگەورە" بەناوبانگە، مریەم سەر دەبڕن... بەڵێ سەری دەبڕن!!

پاشان هەر دوو براکە دەگەڕێنەوە بۆ گوندی "بەیەڵە"و لە بڵندگۆی مزگەوتەوە هاوار دەکەن کە ئای خەڵکی ئاوایی، ئیمە خوشکەکەمان کوشتووە و تەرمەکەی لە "چاڵەگەورەیە"و بڕون بیهێننەوە!!
لەو سەردەمەدا کارەبا نەبوو و خەڵکی ئاوایی بە چرافانۆس دەڕۆن‌ و دەبینن تەنیا تۆزقاڵێ پێستی سەر و ملی بە لاشەیەوە ماوە و سەری بڕاوە. 

مریەم لە کاتی کوژرانیدا لە سووڕی مانگانەدا بووە و خەڵکی ئاوایی دەبینن مریەم زۆر پەلی کوتاوە، واتە قاچی هاویشتووە و جێ‌پێی بەسەر بەفرو زەوییەوە دیار بووە و کاتێکش لێکۆڵەر [بازپۆرس] دێت؛ دەڵێت؛ "گوسفند سر بریدین"؟؟!!

ئەوکات دادگای مەریوان لە کانی‌دینار دەبێت‌ و پاش ماوەیەک لەسەر ڕەزامەندیی دایکی مریەم براکانی لە زیندان دێنە دەرەوە و رووبەڕووی هیچ سزایەک نابنەوە. تەنانەت تا ئێستاش بەشە زەویی میراتی باوکی مریەم نەدراوە بە منداڵەکانی. 
 
ئاگادارم کە لە دوایین بەدواداچوونەکاندا، منداڵەکانی مریەم سکاڵایان لەسەر خاڵۆکانیان تۆمار کردووە، بەڵام ئەحمەد وتویەتی: "بەڵێ من مەریەمم کوشتووە و لەسەر "نامووس" بووە و زۆریش شانازی دەکەم". 
 
بەدەر لەوەی کە هیچ ژنێک نامووسی هیچ پیاوێک نییە و نامووس پەرەستی پاساوە بۆ ژن‌کووژی، خەڵکی ئاوایی "بەیەڵە" شایەتن‌ و زۆربەیان ئەو کوشتنە بە جینایەت دەزانن‌ و دەڵێن قەت لە بیری ناکەین‌، مریەم نە تەنیا ژنێکی زۆر خاوەن "شەرەف" بووە، بەڵکوو گومانیشی لێ نەکراوە، بەڵام براکانی بۆ داپۆشینی کردەوەی ناشیرینی خۆیان مریەمیان کردە قوربانی ،چونکە "ئەحمەد" پەیوەندی سۆزدای لەگەڵ ژنێکی هاسەردار هەبووە.

لە ئێستادا و پاش ٣٠ ساڵ، "مەهین" کچی مریەم، بەردەوام بەدواداچوونی یاسایی بۆ سەندنەوەی مافی دایکی دەکات، بەڵام مخابن ڕێگایەکی دژوارە و دەبێ میدیا و راگەیاندنەکان یارمەتیدەری منداڵەکانی مریەم بن. 
 
لە کۆتاییدا، گوڵالە وەتەندووست، وێڕای دەربڕینی ئەو رستەیە کە "سرنوشت را باید از سر نوشت"، باوەڕی وایە باس‌کردنی ئەو رووداو و بارودۆخانە زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ترسی خەڵک و ڕوونبوونەوەی حاڵەت‌ و دۆسییەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان. 
 
ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە